بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕیچارد هاس لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرەی ئینلیزی، سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕۆڵ و پێگەی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دابەزیوە و لێرە بە دوا ڕۆڵی کەمتری لە سیستەمی نوێی جیهانیدا دەبێت و ئەوەی کە ئایا وەرزی بەشداریی ئەمریکا لە جیهاندا کۆتایی هاتووە و وەرزێکی نوێ دەستیپێکردووە، وتی: بەڵێ، دوو پرسی گرنگ بوونی هەیە کە ئەم هەلومەرجەی هێناوەتە پێشەوە. یەکێک لەوانەش سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکانە لە نێوان هێزە دژبەرەکان کە هەندێک وایان دەزانی لە پاش شەڕی سارد کۆتایی هاتووە بەڵام ئێستا ئەمریکا خۆی لە دۆخێکدا دەبینێت کە لە گەڵ دوو زلهێزی وەک ڕووسیا و چین و دوو هێزی مامناوەندیش وەک ئێران و کۆریای باکور کەوتووەتە دژایەتییەوە. دووەم پرسیش ئەوەیە کە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دەتوانێت بە کێشە و قەیرانە جیهانییەکان پێناسە بکرێت. ئێمە لە کۆتایی قەیرانی کۆرۆناداین، بە تەواوی ڕوونە کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بە زیاترین کاریگەریی خۆی ڕوو دەدات. سێهەم ئەوەی کە هەندێک پرس هەیە پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە. ئەمریکا تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی بووە و چیدی کۆدەنگییەک لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نییە. لە ڕاستیدا لە ئەمریکا هیچ کۆدەنگییەک لە سەر هیچ پرسێک نییە. ناکۆکی و دووبەرەکی لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەبینرێت. بە بۆچوونی من ئەم سەردەمە دەتوانین وەک تێکەڵاوێک لەم دوو قەیرانە جیهانی و جیۆپۆلتیکییە لە بەرامبەر ئەمریکا پێناسە بکەین. ئێمە وەک وڵاتانی دیکە نین، ئێمە لە 75 ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی گەورەمان لە ئاستی جیهاندا هەبووە بەڵام ئێستا دڵنیا نین کە بتوانین بە هەمان شێوە ئەو ڕۆڵە بگێڕین.
ناوبراو سەبارەت بە گرنگی بەشداریی ئەمریکا لە پرسە جیهانییەکان وتی: ڕەنگە خەڵک وا بیر بکەنەوە کە شەڕی ئۆکرانیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر ژیانی ڕۆژانەی ئەمریکییەکان نییە و یان ئەوەی کە لە ئێستادا هەڕەشە و مەترسیی هێرشەکانی وەک 11 ی سپتمبێر نییە و شەڕ لە ناوخۆی ئەمریکاوە براوەتە ناوخۆی وڵاتانی وەک ئەفغانستان و عێراق و لەوێ درێژەی هەیە. بەڵام خەڵک دەبێت لەو ڕاستییە بزانن کە جیهان چۆن کاریگەریی لە سەر ئێمە دەبێت و کاریگەرییەکانی ئێمەش لە سەر جیهان چۆن دەبێت، خەڵک دەبێت بزانن کە ئاسایشی نیشتمانی کاریگەری لە سەر پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وەردەگرێت.
ڕیچارد هاس سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 2024 ی ئەمریکا و نیگەرانییەکان لە سەر پەراوێزکەوتنی نێودەوڵەتیی ئەم وڵاتە وتی: من ئەم سیاسەتە لە هەر دوو پارتی سەرەکی ئەمریکا دەبینم، لە ئێستادا هەر دوو پارتی دیمۆکرات و کۆماریخواز نوێنەری وەهایان نییە کە بتوانێت فەلسەفەی زاڵبوونی ئەمریکای لە جیهاندا هەبێت و ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە ئێمە لە ساڵی 2024 کەسانێکمان هەبێت کە زیاتر نوێنەری بەشی میانەڕۆی ئەوانن.
ناوبراو لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا وتی: ئەمریکا بە ئاسانی واز لە شەڕی ئۆکرانیا ناهێنێت و لە هەر دوو پارتی ئەمریکا زۆرینەیەکی ڕەها بوونی هەیە کە پاڵپشتی لە خۆڕاگری و ڕاوەستان لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەکەن. ڕەنگە بە پێی هەلومەرجەکە، ڕێژەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا یان بەشێک لە پێشنیاری ئاشتی تووشی گۆڕانکاری ببێت بەڵام ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا کە بەدواداچوون بۆ شەڕەکە دەکەن، بە تەواوی پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی جۆبایدن سەرۆک کۆمار دەکەن. بڕیار نییە ئەوەی کە سەبارەت بە ئەفغانستان کرا لە ئۆکرانیاش ڕوو بداتەوە. زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکا پاڵپشتییان لە مانەوە لە ئەفغانستان دەکرد بەڵام سەرۆک کۆمار بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە دا، نابێت سیاسەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان وەک نموونە و مۆدێلی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئۆکرانیا سەیر بکرێت. بایدن و تیمەکەی لەو بڕوایەدا بوون کە ئەفغانستان ئەو شوێنە نییە کە درێژە بە مانەوە و سەرمایەگوزارییەکانی واشنتن لەو وڵاتەدا بدرێت بەڵام بایدن بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت لە ئۆکرانیا و لە بەرامبەر چین درێژە بە سیاسەتەکانی بدات.
ئەو بەرپرسەی پێشووی کۆشکی سپی سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە جیهان و بەشداری لە پرسە نێودەوڵەتییەکان وتی: ئێمە ناتوانین سەبارەت بە چین و ڕووسیا تاکلایانە هەنگاو بنێین بەڵکوو دەبێت هەوڵی پێکهێنانی چەند هاوپەیمانییەک بدەین کە بە دیپلۆماسی، ڕەهەندی ئابوری و سەربازیشی هەبێت. ئێمە هەروەها دەتوانین بژاردەی سەپاندنی سزاکان لە دژی چین جێبەجێ بکەین، نەک ئەوانەی کە تەنیا بۆ چین وەک هەڕەشە دەبن بەڵکوو ئەوانەی کە دەبنە هۆی ئاگاداربوونی پەکین لەوەی کە هەر بژاردەیەکی سەربازی لە دژی تایوان تێچووی زۆری بە دواوە دەبێت. ئێمە دەبێت لە گەڵ وڵاتانی نزیک لە سیاسەتی خۆمان ببینە هاوپەیمان تا بە شێوازی کاریگەر کێشە جیهانییەکان تاوتوێ بکەین.
ئەو شارەزایەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە شێوازی ڕوبەڕوبونەوەی چین و ڕووسیا وتی: سەبارەت بەم دوو وڵاتە نابێت تاکلایانە هەنگاو بنرێت و دەبێت بیر لە پێکهێنانی هاوپەیمانی بکرێتەوە.
ڕیچارد هاس سەبارەت بە ئەگەری سزادانی چین وتی: دەمانەوێت چین بزانێت کە هەر بەکارهێنانی هێز لە دژی تایوان تێچوویەکی زۆری دەبێت، ئێمە دەبێت لە گەڵ وڵاتانی نزیک لە سیاسەتی خۆمان هاوپەیمانی پێک بێنن، ئەگەر بمانەوێت بە شێوازی کاریگەر ئیدارەی کێشە و قەیرانە جیهانییەکان بکەین، ناتوانین بیر لە جیهانێکی چەند جەمسەری بکەینەوە. بۆ نموونە لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 27 هەوڵی شکستخواردووی جیهانیمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەبووە، ئەم کێشەیە بە کۆبوونەوەی 28، 29 یان 30 چارەسەر نابێت. پێویستە وڵاتانێک لە گرووپە بچووکەکاندا پێکەوە هاوکاری بکەن تا بۆ نموونە ڕوبەڕوی کێشەیەکی جیهانیی وەک گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببینەوە.
لە درێژەدا پێشکەشکارەکەی کەناڵی جزیرە سەبارەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسیاری کرد و بە ئاماژە بە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بۆ دابەزینی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت و ئەوەی کە بڕیارەکە لە دژی ئەمریکا و لە بەرژەوەندی سعوودیەدایە، وتی: ڕووسیا بە شەڕی ئۆکرانیا بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکەکەشی لە دژی بن، ڕووسیا لە چەندین بوارێکی وەک نەوت و مووشەک شکستی هێناوە، پێم وا نییە کە ڕووسیا بتوانێت لەم بوارانەدا یان لە بوارەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتوو بێت./.