بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیرانی پیربوون، ڕەنگە دووپاتکردنەوەی ئەو دەستەواژەیە بێت کە لە زۆر وڵاتێکدا دەبیسترێت و شارەزایان سەبارەت بەم دیاردەیە بەردەوام هۆشداری دەدەن. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دیاردەیە و پیربوونی ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتووان بە سۆنامی حەشیمەت ناو براوە بەڵام لە گەڵ ئەوەش یەکێک دیکە لە قەیرانەکان کە لە ئێستادا ڕوبەڕوی بووینەتەوە، هەستکردنە بە پیرییە لە تەمەنی گەنجێتیدا. بە بۆچوونی توێژەران، زۆربەی خەڵک بە هۆکاری جیاجیا لە تەمەنی نزیک 45 تا 47 ساڵەیی هەست بە پیری دەکەن بەڵام لە ئێستادا ئەمە گەیشتووەتە تەمەنی 18 ساڵەیی و زۆربەی گەنجان زووتر لەو تەمەنەی، هەست بە نەخۆشی، بێهیوایی و لە ئاکامدا پیری دەکەن. هەستکردن بە پیری بابەتێکە کە دکتۆر فەرزانە حاجی زادە پسپۆڕی دەروونناسی و ئەندامی ئەنجومەنی دەروونناسی ئێران لە وتووێژێکدا تاوتوێی کردووە.
زەنگی مەترسی هەستکردن بە پیری لای گەنجان لێدراوە
ئاساییە کە خەڵک لە تەمەنی گەنجیدا و هەندێک کات بۆ نموونە بە هۆی لە دەستدانی یەکێک لە کەسە ئازیزەکانیان هەست بە ناڕەحەتی بکەن، ڕەنگە بۆ ماوەیەک تەنانەت لە کاتی ڕاییکردنی ئەو کارانەی کە پێشتر هەست و خۆشیی بەوان دەدا، نەتوانن هەست بە شایی بکەن بەڵام هەندێک کاتیش لە تەمەنی گەنجیدا بەردەوام هەست بە پیری دەکەن و دەڵێن کە دەرفەتێکی زۆرمان لە دەست داوە و کاتێکی وەها بۆ پێشکەوتن، بەردەوامیی پرۆسەی خوێندن، کارکردن، هاوسەرگیری، منداڵبوون و … نەماوە. دکتۆر حاجی زادە سەبارەت بە هەستکردن بە پیری لە تەمەنی گەنجیدا دەڵێت کە باشترە لە جێی هەستی پیری لە دەستەواژەی هەستکردن بە بێهیوایی کەڵک وەربگرین لە بەر ئەوەی کە هەستکردن بە پیری لای گەنجان مەترسیدارترە و وا پیشان دەدات کە چیدی ژیان بۆ ئەوان مانای نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پیری بەشێک لە قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤە و کێشەی نییە.
ئەو دەروونناسە هەستکردن بە بێهیوایی لای گەنجان بە مەترسییەک بۆ سەر کۆمەڵگا دەزانێت و دەڵێت: بە پێی ئەوەی کە کۆمەڵگا لە چەند ساڵی ڕابردوو چەندین قەیرانی وەک کۆرۆنای بینیوە، گەنجان زیانیان بەرکەوتووە و گرنگینەدان بە تەندرووستی دەروونی، زیانی زیاتر بەم توێژە دەگەێنێت.
بۆ لە گەنجیدا هەست بە پیری دەکەین؟
حاجی زادە سەبارەت بە هەستکردن بە پیری لە تەمەنی گەنجیدا ڕایگەیاندووە: هۆکارێکی زۆر لە ئێستادا دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە کەسانێک لە تەمەنی گەنجیدا هەست بە پیری و بێهیوایی بکەن. کەمبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی خۆشەویستی، گەشەی تەکنۆلۆژیا، کەمبوونی جموجوڵی جەستەیی، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خێزانی و گرنگیدانی خەڵک بە تەنیا منداڵێک (ڕێگری لە منداڵبوونی زۆر) لەو هۆکارانەن کە لە سەرهەڵدانی وەها هەستێک لای گەنجان ڕۆڵی زۆری هەیە.
ناوبراو گرنگینەدان بە تەندرووستی دەروونی گەنجانی بە یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە ناو برد و وتی: بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، جگەرەکێشان، کحول، نەبوونی گەشتکردن، دووچاوەکی لە نێو خێزان، نەبوونی ورە و متمانە بەخۆبوون و …. لەو هۆکارانەن کە گەنجان دەخاتە بەردەم هەلومەرجی مەترسیداری تەندرووستی دەروون و دەبێت گرنگی بەمەش بدرێت.
ئەو دەروونناسە دەڵێت کە کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان وەک هۆکارێک نیگەرانکەرەوە لە تەندرووستی دەروونی گەنجاندا کاریگەریی هەیە، کێشەی ئابوری و نیگەرانی لەو داهاتووەی کە دەگاتە هەستی دڵساردی و پیری لە گەنجان، ئەوان وا هەست دەکەن کە لە بارودۆخێکی وەهادا ناگەنە ئامانجەکانیان و ناتوانن هاوسەرگیری بکەن و درێژە بە ژیان بدەن و بەردەوامی ئەمەش دەگاتە هەستی پیربوون و لەناوچوون لە گەنجاندا.
هەستکردن بە پیری لە گەڵ پیربوونی مێشک پەیوەندی هەیە
توێژینەوەیەک پیشانیداوە کە هەستکردن بە پیری لە تەمەنی گەنجیدا ڕەنگە پیشاندەری پیربوونی مێشک بێت. لەو توێژینەوەدا لە ڕێگای پشکنینی MRI بەوە گەیشتوون کە ئەو کەسە بەتەمەنانەی هەست دەکەن گەنجتر لە تەمەنی خۆیانن بەراورد بەوانەی کە هەست بە پیری دەکەن، نیشانەی کەمتریان لە پیربوونی مێشک هەیە. حاجی زادە سەبارەت بە پەیوەندیی هەستکردن بە پیری لە گەڵ پیربوونی مێشک دەڵێت: تەندرووستی جەستە و دەروون پێکەوە پیشاندەری تەندرووستی کەسێکە و هەر دوو تەواوکەری یەکترن، ئێمە کەسانێکمان هەیە کە 29 یان 30 ساڵ تەمەنیان هەیە بەڵام بە هۆی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان یان کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان ڕواڵەتێکی پیریان هەیە، هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە کێشە دەکەوێتە بەردەم تەندرووستی دەروونیی ئەوان، کاریگەریشی لە ڕووی تەندرووستی جەستەییەوە دەبێت.
حاجی زادە وتی: پیری بە ژمارەی تەمەن نییە، هەر هۆکارێک وەک نەخۆشییەکانی جەستەیی و دەروونی بە هۆی هەلومەرجی دژوارەوە بۆ کەسەکە، دەتوانێت ڕەوتی پیربوونی مێشک خێراتر بکات و لە ئاکامدا هەستکردنی بە پیری لە تەمەنی گەنجیدا بە دواوە بێت.
خێزانەکان کاریگەرییان هەیە
بە وتەی حاجی زادە پێکهاتەی خێزانی، ڕێژەی خۆشەویستی لە نێوان ئەندامانی خێزانەکە و شێوازی پەروەردەکردنی منداڵەکان لە لایەن باوک و دایکەوە لە گواستنەوەی ئەم هەستەدا کاریگەریی هەیە. هەروەها نەبوونی خۆشەویستی و بەسراوەیی لە نێو ئەندامانی خێزانەکە و زیاتربوونی هەستکردن بە تەنیایی، هەستکردن بە پیری خێراتر دەکات.
ئەو دەروونناسە پێی وایە کە نەبوونی خێزانێکی پارێزەر و پاڵپشت بە هۆی زیاتربوونی ئامارەکانی جیابوونەوە، مادە هۆشبەرەکان و …. لەو هۆکارانەن کە کاریگەریی لە گواستنەوەی هەستی بێهیوایی لە نێو گەنجاندا هەیە.
چۆن دەتوانین هەستی پیربوون بە لاوە بنێین؟
حاجی زادە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ڕایگەیاندووە: هەموو کات پێشگری باشترە لە دەرمان، پێشگری بە واتای کەمکردنەوەی مەترسییەکان و ڕێگری لە ڕووداوەکانە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕایگەیاند: بە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی گەنجان، فێربوونی کارامەییەکانی پێویست بۆ ژیان، بەرزکردنەوەی هەستی بەهێزبوون و متمانە بەخۆبوون لە گەنجان، ئامانجدارکردنی ژیان، گەشتکردنی تەندرووست، بەرزکردنەوەی ئاستی تەندرووستی بە تایبەت تەندرووستی دەروون لە گەنجان، ڕێگری لە هەستکردنی پێشوەختە بە پیری دەکرێت./.