بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە کە لە لایەن ڕۆژنامەی تەلەگراف بڵاو کرایەوە، ڕایانگەیاندووە کە سعوودیە لە جەژنەکانی کرێسمەس وەک دەرفەتێک بۆ تاوانی زیاتر کەڵک وەردەگرێت، وەک چۆن کە لە ساڵی 2016 نزیکەی 50 کەس بە تایبەت ژمارەیەک منداڵی لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم لە سێدارە دا.
لەو نامەیەدا هاتووە: ئێمە لەوە نیگەرانین کە ڕەنگە سعوودیە لەم پشووانەدا، کاتێک کە سرنجی جیهان لە شوێنێکی دیکەیە و بەرپرسانی ڕیاز هەست بەوە دەکەن ڕوبەڕوی کەمترین کاردانەوە دیپلۆماسی ببنەوە، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی هەبێت.
نامەکە دەڵێت: سعوودیە مێژوویەکی لەوەدا هەیە کە لە پشووەکانی سەری ساڵی نوێی زائینی وەک ساڵانی 2016 و 2020 ژمارەیەکی زۆر لەسێدارە بدات. ئێمە داوا دەکەین پێش هەر هەنگاوێکی سعوودیە، ڕێوشوێنی تایبەت بگیرێتەبەر.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە زیاتر لە 60 کەس لە سعوودیە مەترسی لەسێدارەدانیان لە ئێستادا لە سەرە.
لەو نامەیەدا هاتووە کە سعوودیە لە دوو هەفتەی ڕابردوو لانیکەم 20 کەس بە تایبەت 12 بیانیی لەسێدارە داوە.
ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا ڕایانگەیاندووە کە سعوودیە ئەو کەسانەی لە کاتێکدا لەسێدارە داوە کە جیهانی چاوی لە سەر یارییەکانی مۆندیالی قەتەر بووە.
بە پێی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە سعوودیە لە ساڵی 2022 دوو هێندەی ساڵی پێشووی زیادی کردووە./.