بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەیاد ئەلئەمارە نووسەر و توێژەری عێراقی وتی: شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی (رە) شۆڕشێکی ڕاستەقینەی ئیسلامی بە پێی بنەماکان، پیرۆزییەکان و ئیسلامی ڕاستەقینە بوو و بەڕێزیان شیاوبوونی خۆیان بۆ ڕێبەرایەتی کۆمەڵگا و بەرەوپێشچوونی بۆ پلە باڵاکان سەلماند.
ئەو شارەزای کاروباری سیاسییە، هۆکاری دوژمنایەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای لە گەڵ ئێران بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئێران وڵاتێکی سەربەخۆ، ئازاد، بەهێز و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خۆی و گەلانی چەوساوەی جیهانە.
ئەیاد ئەلئەمارە وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەمان سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە هەوڵی ئەوەیاندا کە ئەم وڵاتە پەراوێز بخەن و بەمەش ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیای شۆڕش، ئازادی، دادپەروەری، مافی مرۆڤی ڕاستەقینە و ئاشکرابوونی ڕواڵەتی پیلانگێڕانەی خۆیان بکەن.
ئەو نووسەرە عێراقییە لە درێژەدا وتی: ئەمریکا لە پێناو دوژمنایەتی ئێران سەرجەم ئامرازە سیاسی و میدیاییەکانی خۆیی بە تێچووەیەکی زۆرەوە بەکار هێنا تا بە ترساندنی گەلانی جیهان لە گەورەیی ئیسلام و پیرۆزییەکانی، ئێران پەراوێز بخەن.
ناوبراو وتی: ئێران ئەمڕۆ لە بوارەکانی زانستی، ئاسمانی، تەکنۆلۆژیا و پیشەسازییە جیاجیاکاندا کێبڕکێی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان دەکات و گەنجانی ئێرانی لە ئاستی زانستیدا لە پلە باڵاکانی جیهاندان، ئەم وڵاتە هەروەها لە کەلتور و هونەر و وەرزشدا پێگەیەکی باڵای هەیە و هەموو ئەمانەش بەرهەمی ئەو شۆڕشەیە کە حەزرەتی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری بووە و ئێستا لە لایەن حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەییەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت.
ئەلئەمارە وتی کە ئێران نموونەی ئازادی، پێشکەوتن، شکۆ و سەربەرزییە کە گەلانی ئازادیخوازی جیهان خولیای ئەوەیان هەیە و بەوە گەیشتوون کە ئیرادەی گەلانی ئازادیخواز و ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئەوان دەتوانێت پیلان و پرۆژەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی تووشی شکست بکات.
وتیشی کە ڕژێمی ئەمریکا، ڕژێمێکی دڕندە و تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە و تەنانەت بڕوای بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکە نییە، ئەمڕۆ ئەم ڕاستییە تەنانەت بۆ دۆستانی ئەمریکاش لە ناوچەکە ڕوون بووەتەوە، ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ئەم ڕاستییەی بە ڕاشکاوانە ڕاگەیاند و وتی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەموو شتێک گرنگترە و ئەوەی کە ئەمریکا دەیکات تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیە بە بێ گرنگیدان بە بەرژوەندییەکانی وڵاتانی دیکە.
نووسەر و شارەزای سیاسی عێراقی لە کۆتاییدا وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا سیاسەت و ستانداردی دووفاقیی خۆیان بەرامبەر بە ئێمە سەلماندووە، ئەو سیاسەتەی کە ڕوون بووەتەوە ئەوان تەنیا درووشمی بەرگری لە مافی مرۆڤ سەر دەدەن بەڵام خۆیان یەکەم پێشێلکاری مافی مرۆڤن./.