بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە پێنجەمین کۆنفرانسی وتووێژی ناوچەیی کە بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ی شوبات لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو و لە دژوارترین دۆخی ئەفغانستان، بەردەوام لە گەڵ خەڵکی ئەم وڵاتەدا بووە. ئێستاش بە پێی ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سەرەڕای ئەو کێشە و گرفتانەی کە بە هۆی سزا زاڵمانە، تاکلایانە و نایاساییەکانی ئەمریکا بۆ گەلی ئێران هاتووەتە پێشەوە، گەل و حکومەتی ئێران وێڕای بەردەوامی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی ئەفغانستان، میوانداری و پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لەوان دەکەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە کاریگەری ڕاستەوخۆی دۆخی ئەمنیی ئەفغانستان لە سەر وڵاتانی دراوسێ، وتی: دابینکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتنی ئەفغانستان بە کارێکی گرنگ و سەرەکیی خۆمان دەزانن.
شەمخانی وتی کە هەوڵی دراوسێکان بە تەنیایی ناتوانێت ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ئەفغانستان دابین بکات بەڵکوو دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێستا و لایەنە ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە ئیرادەی پێویستیان بۆ لەناوبردنی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری هەبێت.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەرزکردنەوەی ئاستی یەکڕیزی نیشتمانی ئەفغانستانی بۆ دابینکردنی بەستێنی بەشداری خەڵکی ئەم وڵاتە لە سیاسەت و حکومەت بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و هەروەها جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەفغانستان لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت بەرامبەر بە دراوسێکان و هەوڵی جیدی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان گەڕاندەوە.
شەمخانی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ دەستێوەردان لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان، پێی وایە کە سەپاندنی هەر سیستەمێکی سیاسی بە پێی دەستێوەردانی دەرەکی یان ڕوبەڕوبونەوەی ناوخۆیی، ئەنجامێکی بەدەر لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری نابێت.
عەلی شەمخانی بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بوونی ئەفغانستان بە سەکۆی بڵاوەپێکردنی تیرۆر و ناسەقامگیری، وتی: نابێت موڵەتی ئەوە بدرێت ئەو ئاڵۆزییەی کە بەردەوام کێشەی گەلی ئەفغانستان بووە، بە دەستێوەردانی بێگانەکان ببێتە کێشەی هاوبەشی تەواوی خەڵکی ناوچەکە.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ هاوکاری لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەی سیاسی و ئابوری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند و داوایکرد کە وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە ڕۆڵی چالاکتریان بۆ بونیادنانەوەی ئەفغانستانێکی سەربەخۆ، سەقامگیری و گەشەسەندوو هەبێت./.