بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کین گانگ وەزیری دەرەوەی چین لە چاوپێکەوتنی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر پێویستی پاڵپشتی بەردەوام پەکین و تاران لە یەکتر و لە بوارە جیاجیاکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵاتدا کردەوە.
ناوبراو وتی کە دانوستانی سەرۆک کۆماران و شاندە باڵاکانی هەر دوو وڵات گەیشتووەتە ئەنجامی گرنگ و ئیرادەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەهێزتر بووە.
وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە پەکین ئامادەی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانە لە گەڵ ئێران و دەبێت هاوکارییەکان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش زیاتر بکرێت و هەر دوو وڵات هەوڵی هاوبەشیان بۆ پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە هەبێت.
کین گانگ هەروەها وتی کە پەکین درێژە بە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی دۆسیەی ناوەکی ئێران دەدات و داواش لە لایەنەکانی دیکە دەکات هەوڵی زیاتریان لەم پێناوەدا هەبێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش جەختی لە سەر گرنگی پەیوەندییەکانی چین بۆ تاران کردەوە و وتی کە ئێران ئامادەی پەرەپێدانی هاوکارییەکانە لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات و ئەوەش دەستەبەر دەکات کە پلانی هاوکاری گشتی هەر دوو وڵات ئەنجامی باشتری بە دواوە دەبێت./.