بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پڕۆژە یاسایەک کە جۆ بایدن ناچار دەکات سزاکانی سەر نەوتی خاوی ئێران زیاد بکات، لەم هەفتەیەدا دەبێتە یاسا، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەم زووانە دەسەڵاتە نوێیەکانی خۆی بەکاربهێنێت.
ئەم سزایانە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە وەک تۆڵەی وەڵامدانەوەی مووشەکیی ئێران بۆ ڕژێمی زایۆنیستی پێشکەش کرا .لەسەر کاغەز ئەم نوێنەرانە بەڵێنیان داوە کە مەودای سزاکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە لایەن ئێرانەوە بە درێژکردنەوەی بەندەرەکانی دەرەوە، تانکەر و پاڵاوگەکانی بەشدار لە بازرگانی نەوتی وڵاتدا زیاد بکەن.
بەڵام شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت پێیان وایە بایدن ئامادە نییە هەر کارێک بکات کە نرخی نەوتی خاو یان بەنزین بەرز بکاتەوە. هەندێک لە شارەزایان دەڵێن پێدەچێت بایدن بیر لە لێخۆشبوون لەم سزایانە بکاتەوە و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە جێبەجێیان ناکات.
ئەم دۆخە تا ڕادەیەک هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە ئیدارەی بایدن لە گەڵ ڕووسیا هەیبوو و بە هۆی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا کۆشکی سپی سزای بە سەر ڕووسیادا سەپاند و هەوڵی سنووردارکردنی داهاتی وڵاتەکەی داوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕێگەی بە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەش داوە بەردەوام بن بۆ ئەوەی دابینکردنی جیهانی تێک نەچێت و هەڵاوسان زیاتر نەکات.
دەبێت ئەوەش ڕەچاو بکرێت کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە پێشە. تەنانەت ئەمریکا ڕێگەی بە ڤەنزوێلا داوە سەرەڕای درێژکردنەوەی سزاکانی سەر ئەم وڵاتە بەردەوام بێت لە هەناردەکردنی نەوت .زۆرێک پێیان وایە بازرگانانی نەوت گرنگی بەو سزا نوێیانە نادەن، چونکە دڵنیان لەوەی حکومەتی بایدن لێخۆشبوون بۆ بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک ئەوەی لەگەڵ نەوتی ڕوسیادا کردی.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لە سەر ئەو سزایانە نەداوە. حکومەت پێداچوونەوە بە یاساکەدا دەکات، بەڵام پێشبینی ناکرێت تا پاییز کاریگەری ئەوتۆی لەسەر بازاڕی نەوت هەبێت.
لە ئێستادا بازاڕی نەوت لەڕادەبەدەر هەستیارە بەرامبەر هەر کەمبوونەوەیەک لە دابینکردندا .نرخی نەوتی خاوی برێنت لە سەرەتای مانگی نیساندا 92 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بەرزترین ئامارە لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا و ئەم بەرزبوونەوەی نرخەش لە کاتێکدایە کە خواست لە سەر ئاستی جیهانی و بەردەوامی پلانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنا هەیە.
سزا نوێیەکان بریتی دەبن لە گواستنەوەی دارایی لە نێوان دامەزراوە داراییەکانی چین و ئێران بۆ کڕینی نەوتی ئەم وڵاتە و هەموو ئەو بەندەر و کەشتی و پاڵاوگانە دەکاتە ئامانج کە بەشدارن لە گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوتی خاوی ئێران./.