بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند کە لە ئێستادا 2 ملیۆن تەن گەنمی ساڵی ڕابردوو لە کۆگاکانی وڵاتدا بەردەستە، بەم نزیکانەش 8 ملیۆن تەن گەنمی دروێنەکراو لە ساڵی نوێدا دەبێت کە لە جووتیاران کڕدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕە گەنمەش بە واتای بەدیهێنانی خۆبژێوی دێت و سەرنجی حکومەت بۆ کەرتی کشتووکاڵ نیشان دەدات.
حەنون لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت، عێراق لە ڕووی ژمارەی ئاشەکانی حکومی و ئەهلییەوە لە پلەی یەکەمدایە و نزیکەی 320 کارگەی تایبەتی تازە دامەزراو بە کەرەستەی دروستکراو لە بەریتانیا و تورکیا لەو وڵاتەدا کاردەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق هەروەها بوونی پلانێکی گەورەی بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سپی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە لەم ڕووەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بارێکی گەنم هاوردەی وڵات کراوە و بەسەر ئاشە ئەهلییەکاندا دابەشکراوە بە جۆرێک داواکاری ناوخۆیی بۆ گەنمی سپی لە وڵاتەکەدا دەتوانرێت لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دابین بکرێت.
پێشتر محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی گەنمی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و باسیان لە زیادکردنی هاوکارییەکان لە هاوردەکردنی گەنم و بەرهەمهێنانی ئاردی سپی کرد./.