بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایانگەیاند کە وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئەم کەرتە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی خەڵک و وڵات و دەست و گیرفانی کرێکاریش پڕ دەبێتەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: مەبەست لە سزا و گەمارۆکانی دوژمنان، بەرتەسککردنەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامییە بە جۆرێک کە شوێنکەوتووی هێڵە دیاریکراوەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بێت. ئاشکرایە کە سیستەمی ئیسلامی و ئیرادەی گەلی ئێران هیچ کات ملکەچی داواکاری زۆرەملێی وەها نابێت.
بەڕێزیان وتیان: گەلێکی زیندوو هەڕەشەکان دەکاتە دەرفەتی پێشکەوتن، وەک ئەوەی لە کەرتی سەربازیدا بینراوە، لە کەرتەکانی دیکەش لە دڵی گوشارەکاندا پێشکەوتنی گەورە مسۆگەر بووە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە جیاوازی تێڕوانینی ئیسلام و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کرێکار، وتیان: لە جیهانی مادیدا وەک ئامێر و کەرەستەیەک لە کرێکار دەڕوانن بەڵام لە ئیسلامدا کرێکار بەها و بایەخێکی زۆری هەیە، ئەوەش بۆ ئەو بەها دەگەڕێتەوە کە بۆ کارکردن دانراوە، ئیسلام گرنگییەکی زۆری بە کردار داوە.
بەڕێزیان کرێکارانیان بە هۆکاری ئاوەدانی و سەربەزی و بەهێزبوونی وڵات ناو برد و وتیان: کرێکاران کە کار دەکەن وڵات ئاوەدان دەکەنەوە، وڵاتێک کە ئاوەدان بکرێتەوە، پێگە و سەربەرزیی زیاتر دەبێت، زیاتر بەهێز دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاش وتیان: سزاکانی ئەمریکا کۆتاییان نییە و هەر بەردەوام دەبن، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بیانووی بێ بنەما سزا بە سەر ئێراندا دەسەپێنن، لە کاتێکدا خۆیان گەورەترین لایەنگری تیرۆریزم و پێشێلکاری مافی مرۆڤن و نموونەکەشی ئەوەیە کە لە غەززە ڕوو دەدات./.