لە ڕۆژانی ڕابردوودا جیهان ئەوەی بینی کە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی ئەمریکا چۆن لە ڕێگای بەکارهێنانی توندووتیژییەوە، ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و شۆڕشی ئەوانی لە کاردانەوە بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، سەرکوت کردووە.
جیهان ئەوەی بینی کە پۆلیسی ئەمریکا، مامۆستایان و خوێندکارانی بە بۆنەی دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستییەوە چۆن کردە ئامانجی هێرشە دڕندانەکانی و ژمارەیەکی زۆر لەوانی دەستبەسەر کردووە، ئەو خوێندکارانەی کە دەستووری ئەمریکا مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئازادی ڕادەربڕینی بەوان داوە.
لە وڵاتانی ئەورووپیش ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ، خوێندکاران و چالاکوانانی مەدەنی بە هۆی ڕاگەیاندنی پاڵپشتییان بۆ گەلی فەڵەستین و دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی، دەستبەسەر کران، تەنیا لە وڵاتی هۆڵەندا زیاتر لە 300 کەس بە هۆی دژایەتی ڕژێمی تەل ئەبیبەوە دەستبەسەر کراون.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئازادی ئەوە هەیە کە کەسێک سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام و بیر و بڕوای زیاتر لە دوو ملیار موسڵمان لە جیهاندا بکات بەڵام دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ڕژێمێکی دڕندە کە لە شەڕی غەززەدا زیاتر لە 34 هەزار کەسی کۆمەڵکوژ کردووە و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون، قەدەغەیە.
لە سەر ئەم بنەما و سیاسەتەیە کە دەنگی ناڕەزایەتی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی کە پشتیوانی لە دۆسیەی فەڵەستین و بە تایبەت خەڵکی غەززە دەکەن، سەرکوت دەکرێت.
بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆی لە ئەمریکا و ئەورووپا وەک دژایەتی جولەکە ناو بردووە بەڵام بێرنی ساندرز سیناتۆری دیمۆکرات بەرامبەر بەو ڕایگەیاندووە کە ئەم شۆڕشە بۆ پیشاندانی ئەوەیە کە حکومەتە توندڕەوەکەی ئەو لە 6 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 34 هەزار کەسی کۆمەڵکوژ کردووە و زیاتر لە 77 هەزار کەسیشی بریندار کردووە کە لە سەدا 70 ی ئەوان ژن و منداڵن.
ئەمڕۆ لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی، بە تایبەت لە زانکۆکانی ئەو وڵاتانە، درووشمەکانی پشتیوانی لە جولەکە و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی، کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی گۆڕدراوە./.