جام کوردی - میدیایەکی ئابووریی سەر بە ڕژێمی زایۆنی، تیشکی خستە سەر دۆخی ئاڵۆز و قەیراناویی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ڕۆژنامەی ئابووریی "کالکالیست" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە قەیرانی ئابووریی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند کە لە ساڵی دارایی ٢٠٢٦دا، کورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی لەسەدا ١٢ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و دوای ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، سێیەمین گەورەترین کورتهێنانی بودجە لە مێژووی ئەمریکادا تۆمار کراوە.

بەپێی گێڕانەوەی ئەم میدیا ئیسرائیلییە: ویلایەتە یەکگرتووەکان ساڵی دارایی ٢٠٢٦ی بە کورتهێنانێکی نزیک لە ٢ ترلیۆن دۆلار تەواو کردووە؛ ئەمەش ژمارەیەکی دیکەیە کە قەبارەی ئەو گوشارە دارایییە قورسانە پێشان دەدات کە بەرۆکی ئەم وڵاتەی گرتووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ژمارەی وردی کورتهێنانی بودجە، واتە ١.٩٩٢ ترلیۆن دۆلار، بە ڕێژەی ١٢٪ زیاترە لە کورتهێنانی بودجەی ساڵی دارایی ڕابردوو کە ١.٧٧٥ ترلیۆن دۆلار بوو.

ئەم ژمارەیە سێیەم گەورەترین کورتهێنانی ساڵانەی بودجەیە لە مێژووی ئەمریکادا و تەنیا کورتهێنانی بودجەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لەم ژمارەیە زیاتر بووە؛ ئەو ساڵانەی کە حکوومەت لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، ترلیۆنەها دۆلاری وەک هاوکاری و هاندان بەسەر ئابووریدا دابەش کرد.

ساڵی دارایی ڕابردوو، بیست و پێنجەمین ساڵی لەسەریەک بوو کە حکوومەتی ئەمریکا تێیدا ڕووبەڕووی کورتهێنانی بودجە بووەوە. دواین ساڵێک کە تێیدا زیادەی بودجە تۆمار کرابێت ــ واتە داهاتەکان لە قەرزەکان زیاتر بووبن ــ ساڵی ٢٠٠١ بوو.

ئەم قەبارەیە، بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر کاریگەریی قەرزی ڕوو لە هەڵکشانی ئەمریکا لەسەر توانای داراییی وڵاتەکە؛ پرسێک کە نیگەرانیی بازرگانانی پەڕاوگەکانی قەرزی (بۆند)ی لێکەوتووەتەوە و بووە هۆی ئەوەی سوودی بۆندەکانی ١٠ ساڵە و ٣٠ ساڵە لە هەفتەی ڕابردوودا بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی داتاکان، زۆرترین پشکی خەرجییەکانی حکوومەت بۆ بواری دەستەبەری کۆمەڵایەتی تەرخان کراوە کە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە نزیکەی ١.٧ ترلیۆن دۆلار؛ ئەمەش لە چاو ساڵی ٢٠٢٥ کە ١.٦ ترلیۆن دۆلار بوو، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە واشنتۆن لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ١.٣ ترلیۆن دۆلاری تەنیا وەک سوودی قەرزە گشتییەکانی داوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆی گشتیی قەرزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا لە ٤٠ ترلیۆن دۆلار تێپەڕی کردووە و لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هێندە بووەتەوە.

هەروەها وەزارەتی گەنجینە ئاشکرای کرد کە کورتهێنانی مانگانەی بودجە لە مانگی ئەیلوول (سێپتەمبەر)دا گەیشتووەتە ٢٧ ملیار دۆلار؛ ئەمەش ئاراستەیەکی پێچەوانە نیشان دەدات لە چاو هەمان مانگی ساڵی پێشوو کە تێیدا ئەم وەزارەتە زیادەیەکی بودجەی بە بڕی ١٩٨ ملیار دۆلار تۆمار کردبوو.

ئەم میدیا عیبرییە هەوڵی داوە لە ڕاپۆرتەکەیدا هیچ ئاماژەیەک بە لێکەوتەکانی سەرکێشییە سەربازییەکان و گرژییەکانی ناوچەکە نەکات، کە بارگرانییەکی زۆریان خستووەتە سەر دارایی و بازاڕەکانی جیهان.