بەگوێرەی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆبوونەوەکەدا، کە تێدا قایمەقامی قەسر شیرین و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین و بەرپرسانی سنووری ئێران و نوێنەری دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تێرمیناڵی سنووری پەروێزخان ئامادە بوون، گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە گرنگترین کێشەکانی چالاکوانانی ئابووری و شۆفێران کرا.
ئاسانکاری بۆ پرۆسەی دابەزاندن و بارکردنی کاڵاکان، پێداچوونەوە و هەماهەنگیکردنی باجی پەیوەندیدار، و دیاریکردنی کاتی کارکردنی گونجاو بۆ چوونە ژوورەوە و دەرچوونی باری هەناردەکردن و ترانزێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
هەروەها تێچووی وەرگیراوی کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە شۆفێران و باجی خزمەتگوزارییەکانی دیکە و کرێکاری لە تێرمیناڵی سنووری پەرویزخان پێداچوونەوەیان بۆ کرا.
ئامادەبووان لەم دیدارەدا جەختیان لە زیادکردنی هەماهەنگی نێوان بەرپرسانی هەردوولا کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگە کارگێڕییەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییە سنوورییەکان و خێراکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.