جام کوردی - لە پەراوێزی هەشتەمین لوتکەی سەرکردەکانی "کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز" (GECF) لە ڕووسیا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک‌کۆماری ئێران و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر کۆبوونەوە و تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەتایبەت لە کەرتی وزە و بازرگانیدا کرد.

لە دیدارەکەدا، هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دوایین دۆخی پەیوەندییەکانی تاران و دەوحەدا کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی بەکارهێنانی دەرفەت و بارستە ئابووری و بازرگانییە بەردەستەکان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان.

کەرتی وزە و پیشەسازیی غاز تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان پزیشکیان و ئەمیری قەتەر بوو؛ وەک دوو وڵاتی خاوەن گەورەترین سەرچاوە و یەدەگی غازی سروشتی لە ناوچەکە و جیهاندا، هەردوولا باسیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە نێو کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز و پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیریی بازاڕی جیهانیی وزە کرد.

شایانی باسە، سەردانەکەی مەسعوود پزیشکیان بۆ مۆسکۆ بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی GECFـە و سەرۆک‌کۆماری ئێران، جیا لە وتاردان لە کۆڕبەندەکە، بڕیارە زنجیرەیەک دیداری دووقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆک‌کۆماری ڕووسیا و ژمارەیەک لە سەرکردە بەشداربووەکانی دیکەی لوتکەکە ئەنجام بدات.