جام کوردی - مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کاتی پێشوازی و وەرگرتنی بڕوانامەی دەستبەکاربوونی «حمزه محمد صلائو»، باڵیوزی نوێی کۆماری فیدراڵی نایجیریا لە تاران، جەختیکردەوە کە پێویستە وڵاتانی ئیسلامی هاوکاریی نزیکتر لەگەڵ یەکدی بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە و نابێت ڕێگە بدەن ڕژیمی زایۆنی ناوچەکە بەرەو ئاژاوە و پشێوی بەرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، پزیشکیان لەم دیدارەدا کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە خاڵە هاوبەشە کلتوورییەکان و توانا زۆرەکانی هەردوو وڵات — بەتایبەت لە ڕێکخراوەکانی وەکو کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکەری گاز (GECF) — کرد و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بوو لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و کلتووریدا.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بە ڕیشەی قەیرانەکانی ناوچەکە کە لە سیاسەتە هەژموونخوازەکانی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی سەرچاوە دەگرن، جەختیکردەوە که تەنها بە هاوکاری و یەکڕیزیی نێوان وڵاتانی اسلامی دەتوانرێت ڕێگری لە پیلانەکان و ئاژاوەگێڕیی زایۆنییەکان بکرێت. ناوبراو هەروەها تیشکی خستە سەر شکستی دوژمنان لە هاوکێشە سەربازییەکانیان بەرامبەر ئێران و ڕایگەیاند کە گەیشتن بە ئاشتیی پایەدار، مەرجی سەرەکیی ئەوەیە کە ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی دەست لە زورگویی هەڵگرن و ڕێگەی کارلێکی سازندە هەڵبژێرن.