جام کوردی - مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی دەستبەکاربوونی «ڤالتیر ماتیاس»، باڵیۆزی نوێی پورتوگال لە تاران، جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هەوڵی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا داوە و گوتی: «گەلی ئێران ئاشتیخوازە، بەڵام هەرگیز مل بۆ زۆرداری، ستەم و سەپاندنی هیچ لایەنێک کەچ ناکات.»

پزیشکیان بە ئاماژەدان بە مێژووی پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان تاران و لشبۆنە کە زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ دەخایەنێت، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا دووپات کردەوە. هاوکات ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی دووفاقیی هەندێک لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا گرت سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ڕایگەیاند: «ئەو وڵاتانەی بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بەرامبەر بە کوشتار و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ناوچەکەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.»

لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی نوێی پورتوگال لە تاران خۆشحاڵی خۆی بۆ دەستبەکاربوونی لە ئێران دەربڕی و جەختی لە خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پاراستنی دیالۆگ، بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و فراوانکردنی ئاستی هاوکارییە ئابووری و فەرهەنگییەکان لەگەڵ تاران.