بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی و بە پشت بەستن بە پێوەندییە گشتییەکانی گومرگی ئێران، ئەم بڕیارە دوابەدوای داواکاری بەڕێوەبەرانی گومرگی پارێزگاکان و کۆمەڵێک لە هەناردەکاران و چالاکانی هەناردەکردن و بە ڕەزامەندی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ئێران دراوە، بۆ ئەوەی ئەو بارگەلەی کە لەسەر ڕێگای سنووردان کاتێکی پێویستیان هەبێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی گومرگی.

بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، جێبەجێکردنی بەشی "ئەلف"ی ڕێنماییەکە کە پەیوەستە بە فەرمانی ژمارە 1405/1223254 لە بەرواری 1405/20/8، بە ژمارەی 20556507، دواخراوە بۆ 1ی سەرماوەزی 1405.

بەم پێیە گومرگی سنووری دەتوانێت تا کۆتایی ئەم مانگە بەیاننامەی هەناردەکردن وەربگرێت، بەپێی ڕێکاری پێشوو و پابەندبوون بە سەرجەم ڕێساکان.

بۆیە ئەم بڕیارە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامەی ستادی ترانزێت یان ئەو ڕێنماییە نوێیە نییە، بەڵکو تەنها وادەی جێبەجێکردنی بەشی پەیوەست بە هەناردەکردن دوادەخات بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەککەوتنی پرۆسەی هەناردەکردن و ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ گەیشتنی بارهەڵگرەکان لە نزیکی سنووردا.