جام کوردی - وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی ئەوان پارێزراو نەبێت، هیچ بەندەرێک لە کەنداو و دەریای عومان ئارامی بەخۆوە نابینێت.
ئیبراهیم زولفەقاری، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرگری لە سەروەریی ئاوە هەرێمییەکانیان دەکەن و ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی "دوژمن" لە گەرووی هورمز دەکەن.
زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها ئەو کەشتییانەی پابەندی ڕێکارەکانی ئێران دەبن دەتوانن تێپەڕن.
ئەم پەیامەی ئێران لە وەڵامی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت کە ڕایگەیاندبوو هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆی گەرووی هورمز دەدات.
زولفەقاری ئەو هەنگاوەی واشنتۆنی بە "چەتەی دەریایی" ناوبرد و ڕایگەیاند دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە جێبەجێ دەکەن.