جام کوردی - کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای ئاماژە بەوەی کە لە ٩ مانگدا واشنتن دووجار پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە، سەبارەت بە خولی نوێ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ڕایگەیاند: بڕیاری بەردەوامبوون لە دانوستانەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی دەدەین.
ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتی: پاراستنی وشیاری لە دیپلۆماسیدا لە کاتی جەنگ گرنگترە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە؛ ئەستەمە "خیانەتە دیپلۆماسییەکانی" ئەمریکا لەبیر بکەین.
بەقایی بە ئاماژە بەوەی کە لایەنی بەرامبەر گەرووی هورمزی بۆ هەماهەنگی و پشتیوانیکردن لە دەستدرێژیی سەربازی دژی ئێران بەکارهێناوە.، وتیشی: گەرووی هورمز بەشێکی سەرەکییە لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و هەنگاوەکەی ئێران لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و وەک کارێکی بەرگریی بووە، نەک کارێکی دەستدرێژیکارانە.
ڕاشیگەیاند: لە بارودۆخی پەلاماری سەربازیدا، وڵاتی کەناراو مافی خۆیەتی ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکان بگرێتە بەر. ئەگەر وڵاتێک زیانی بەرکەوتووە، دەبێت لایەنی دەستدرێژیکار واتە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە بەرپرسیار بزانێت، نەک ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لێپرسینەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات.