جام کوردی - ڕێکخراوی ھیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند "بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ تەرخانکردنی ٣٣٤ ملیۆن دۆلار بە مەبەستی نیشتەجێکردنی ٣ هەزار خێزانی جولەكە لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو، ئەنجامدانی تاوانی جەنگە.

وردەكاریی پیلانەکە بەوجۆرەیە كە ئیسرائیل دەیەوێت ئۆردوگای جولەكەنشینی نوێ "کتسرین" تا ساڵی ٢٠٣٠ بکاتە یەکەمین شاری گەورەی جولەکەکان لە خاکی جۆلانی سوریا.

هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت؛ گواستنەوەی ئیسرائیلییەكان بۆ خاکی داگیرکراوی سوریا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و مافی گەڕانەوەی سەدان هەزار ئاوارەی سوری پێشێل دەکات.

هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپاش دەکات بازرگانی لەگەڵ نیشتەجێبووە نایاساییەکان ڕابگرن و هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل پەکبخەن.