جام کوردی - عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، سێشەممە جەختی کردەوە لەسەر توانای عێراق بۆ بەشداریکردن لە گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەراگەیندراوەكەدا ئاماژەی بەوە کرد: "عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت، کە تێیدا پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی ڕاسپاردنی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ."

لە راگەیندراوێكدا هاتووە: "لە پەیوەندییەکەدا پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنیان کرا، هەروەها هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی سەردانەکان لە قۆناغی داهاتوودا."

ـبەگوێرەی راگه‌یندراوه‌كه‌ ــ زەیدی ئاماژەی بە "هەڵوێستی عێراق کرد کە پاڵپشتە بۆ ڕێڕەوی دیپلۆماسی و گرتنەبەری گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان،" و جەختیشی کردەوە لەسەر "توانای عێراق بۆ بەشداریکردن لە گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."