جام کوردی - ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ دانپێدانانێکی لەبارەی هەڵەبوونی بیروباوەڕەکانی سەبارەت بە ئاسان بوونی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.

لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بەزەحمەت کەسایەتییەک لە جۆن بۆڵتۆن زیاتر بەرگری لە پێویستی بۆردومانی ئێران کردبێت و پێی وابێت ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران کارێکی ئاسان و سادەیە. بۆڵتۆن تەنیا ڕەخنەگری ئێران نەبوو، بەڵکو ئایدۆلۆژیستێکی تەواو بوو.

تۆماری ئەو لەم بوارەدا بێهاوتایە. لە ساڵی ٢٠١٥ لە ناونیشانی بابەتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا نووسیویەتی: “بۆ وەستاندنی بۆمبەکەی ئێران، بۆمبڕێژکردنی ئێران.” لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨دا لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا نووسیویەتی کە “سیاسەتی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا دەبێ ئەوە بێت کە شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ پێش یادی ٤٠ ساڵەی کۆتایی پێبهێنێت.”

لە ماوەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ، داوای لە پنتاگۆن کردووە بژاردەی سەربازی لە دژی ئێران ئامادە بکات. هاوکارەکانی لە کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە کە تەنانەت ترەمپ هەندێک جار بۆڵتۆنی بە “زۆر توند” زانیوە.

بەڵام ڕەنگە ڕوونترین وێناکردنی متمانەی بۆڵتۆن بە ڕووخانی نزیک کۆماری ئیسلامی لە وتارەکانیدا بۆ تاقمی تیرۆریستی موجاهدینی خەلق، گرووپێک کە ئەمریکا خۆی تا ساڵی ٢٠١٢ وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کردبوو، بدۆزرێتەوە.

بۆڵتۆن هەشت جار قسەی لەگەڵ ئەو تاقمە تیرۆریستییە کردووە و هەرجارە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نەک وەک خواستێک بەڵکو وەک بەڵێنێک وەسف کردووە. ناوبراو ڕۆژی ١ی جوڵای ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەیەکی مێک لە پاریس، پێشبینی کردبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران چلەمین ساڵیادی خۆی بەڕێوە نەبات. وتیشی: “هەر بۆیە پێش ساڵی ٢٠١٩ لە تاران ئاهەنگ دەگێڕین”.

سەرەڕای ئەوەی ئێران لە مانگی شوباتی 2019 یادی 40 ساڵەی لەدایک بوونی خۆی کردەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی دان بە هەڵەکەیدا بنێت پێشبینییەکی هەڵەی دیکەی کرد و وتی کە پێموانییە کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین ساڵی دیکەی هەبێت بۆ ئاهەنگگێڕان.

بەڵام بۆڵتۆن لەم ڕۆژانەدا بەشێوەیەکی جیاواز قسە دەکات، بەشێوەیەک کە هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن لانیکەم ئەم شەڕە ئەوی لەگەڵ هەندێک لە واقیعدا ئاشت کردووەتەوە. هەرچەندە هەندێک لە لێدوانەکانی ئێستای بۆڵتۆن وەک ڕەخنەیەک لە سەرۆکەکەی پێشووی دەبینرێت، بەڵام پێدەچێت دانپێدانانێک بێت بۆ بیرکردنەوە و ڕێبازی سیاسی خۆی، کە ئەوە بوو کە پێیوابوو دەتوانێت بە بۆردومانکردن، حکومەتی ئێران بڕوخێنێت.

ئەم ڕاپۆرتە هەندێک لە دانپێدانانەکانی جۆن بۆڵتۆن لەم بارەیەوە لەخۆدەگرێت:

چاوپێکەوتن لەگەڵ نیوزماکس، ٢٢ی حوزەیران

بۆڵتۆن ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران لەڕووی سیاسییەوە بەهێزتر لە شەڕەکە دەرچووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هێرشەکانیان توانیویانە لەڕووی سەربازی و ژێرخانی ئێرانەوە لێبدەن، بەڵام نەیانتوانیوە توانای ئێران لەناوببەن بۆ بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەکو لیڤەری فشار.

چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی NDTV، ١٩ی حوزەیران

جۆن بۆڵتۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەرئەنجامە ئابوورییەکانی قەیرانی دوای جەنگ، ترەمپی تووشی سەرسوڕمان کرد، بەمەش ئێران گەرووی هورمز وەک کار گوشار بەکارهێنا.

چاوپێکەوتن لەگەڵ یۆرۆنیوز، ١٦ی حوزەیران

بۆڵتۆن وتی: ئێرانییەکان بە هەر شێوەیەک ویستیان یارییان بە ترەمپ کرد و هەر بۆیەش ئەو گرێبەستەیان بەدەستهێنا کە دەیانویست. هەروەها باسی له وه کرد که ترەمپ برسی ڕێکەوتنه و ئێرانییەکان به هەر ئاڕاستەیەک بیانویستبێت ئاڕاسته یان کردووه .

"گۆڕانکاری سەرکردایەتی تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئێمە چوار پێنج سەد ئەندامی پلە باڵاکانی دەسەڵاتی ئێستامان کوشتووە و ئێستا جێگرەکانیان و جێنشینەکانیانن. کەواتە بەڵێ خەڵک گۆڕاون، بەڵام ڕژێمەکە هێشتا هەمان ڕژێمی دەمارگیرە."

١٢ی ئایار، وۆڵ ستریت جۆرناڵ تێبینی

جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، لە چاپێکی ڕەخنەگرانەدا لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا ڕەخنەی لە ترەمپ گرت کە پێشوەختە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگرت و بەراوردی کرد بە "ئەنتۆنی ئیدن"، سەرۆکوەزیرانی دۆڕاوی بەریتانیا لە قەیرانی سوێسدا.

نووسەر جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ لە تەڵەیەکدا گیرۆدە بووە؛ لە لایەکەوە برسی ڕێکەوتنێکە کە بتوانێت بە "سەرکەوتن" ناوی ببات و لە لایەکی ترەوە زۆر دەترسێت لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی JCPOA (وەک ئۆباما) و ڕەخنەی لێبگیرێت. ئەم دوودڵییە وایکردووە ئێران وەڵامێکی "تەواو قبوڵنەکراو" بداتەوە بۆ چوارچێوەی پێشنیارکراوی ئەمریکا.

بۆڵتن گەڕایەوە بۆ قەیرانی کەناڵی سوێس (1956) بۆ ئەوەی ڕەخنە لە ترەمپ بگرێت و نووسیویەتی هێرشەکەی "ئەنتۆنی ئیدن" (سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا) بۆ وەرگرتنەوەی کەناڵی سوێس بووە هۆی داڕمانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و دەستلەکارکێشانەوەی ئیدن.

بۆڵتۆن نووسیویەتی، شەڕی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە تاران هەرکاتێک بیەوێت وەک "کلیلی ڕووناکی" فشارەکان لەسەر ئابووری جیهانی دابگیرسێنێت و بکوژێنێتەوە.

یەکەمی نیسان، نیوز نەیشن

بۆڵتۆن ڕوونی کردەوە کە ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز لە ئەنجامی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل چ سوودێکی بەدەست هێناوە: "ئەوە بۆیان دەسەلمێنێت کە دەتوانن گەرووی هورمز وەک کلیلی گڵۆپ دابگیرسێنن و بکوژێننەوە".

٣١ی ئازار، نیوز نەیشن

لەم چاوپێکەوتنەدا ئیدیعاکانی دۆناڵد ترەمپی ڕەتکردەوە کە گۆڕانی ڕژێم لە ئێران ڕوویداوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆخەی کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا هاتۆتە ئاراوە، لەوە خراپترە کە ئەمریکا بە لایەکدا ڕاوەستابا و هیچی لە دژی ئێران نەکردبا.

١١ی ئازار، NPR

بۆڵتۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NPR لە 11ی ئازاری 2026، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو گرنگینەدانەی ئەمریکییەکان بە هەژموونی ئێران لە گەرووی هورمزدا و وتی: نیگەرانم لەوەی کە توانای ئێران لە گەرووی هورمزدا وەک پێویست بە جددی وەرنەگیراوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ترەمپ وتی هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەناوچوو، ئێستا بۆمان دەردەکەوێت کە تەنها دوێنێ بوو کە ئێمە شانزە بەلەمی مینڕێژکەرمان لەناوبرد.