جام کوردی - باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، محەمەد کازم ئال سادق، جەختی لە قووڵیی پێوەندییە مێژوویی، کولتووری و ئاینییەکانی نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئێران کردەوە، و ڕایگەیاند کە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات "لە تەمەنی حکومەتەکان تێدەپەڕێت" و هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا  بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە .

ئال سادق لە چاوپێکەوتنێکی گشتگیردا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، پێداچوونەوەی بە چەندین مەلەفی هەرێمی و خۆجێییدا کرد، کە لە پێشەنگیاندا ئەمنیبوونی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم بوو، هاوکات ڕێزی تاران بۆ سەروەریی عێراق و هەر بڕیارێکی حکومەت سەبارەت بە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دووپات کردەوە.

پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران

ئال سادق لە چاوپێکەوتنەکەیدا ڕاگەیاند: "سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق عەلی زێدی، لە ئەنجامی بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵبژێردراوە، و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە ڕایگەیاندووە کە ڕێز لە هەر ئەنجامێک دەگرێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێی بگات"، ڕوونیشی کردەوە کە "پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئێران لەسەر درێژایی مێژوو پێوەندییەکی تێکەڵاوی مێژوویی، کولتووری و ئاینی بووە، و لەسەر ئەم بنەمایەش هەردوو وڵات ئاسۆیەکی ڕوون بۆ پەیوەندییەکانیان دەبینن کە لە تەمەنی حکومەتەکان تێدەپەڕێت".

وتیشی: "ئێران ئامادەیە لە سەرجەم بوارەکاندا پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی دۆست و برا کۆماری عێراق بدات، بەتایبەتی لە حکومەتەکەی زێدیدا"، هیوای خۆشی خواست بۆ "جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی پێشوو لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری، سیاسی، کولتووری و ئەمنیدا".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم، ئەمنیبوونی سنوورەکان، مەلەفەکانی ژینگە، گەشەپێدانی بازرگانی، سەردانی ئەربەعین و بابەتە کۆنسوڵییەکانی نێوان هەردوولا، لە دیارترین بوارەکانی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتن".

فەسائیلەکانی بەرگری (المقاومة)

سەبارەت بە فەسائیلەکانی بەرگری لە عێراق، ئال سادق جەختی کردەوە: "ئێمە پێمانوایە بەرگری بژاردەی گەلی عێراقە لە وەڵامدانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمە تێرۆریستییەکان، بەتایبەتی تاقمە تێرۆریستییەکانی داعش، و بە هەمان شێوە پێمانوایە کە پەرچەکردارێکی سروشتیی گەلێکی هۆشیار و بێدارە بەرامبەر بە داگیرکاری و دەستدرێژیی بیانی"، جەختیشی کردەوە کە "ئێران ڕێز لە مافی گەلی عێراق دەگرێت لە بەرگریکردن لە خۆی".

بەشداریی فەسائیلەکان لە شەڕدا

سەبارەت بە بەشداریی فەسائیلە عێراقییەکان لەو شەڕەی کە ئێران لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا ئەنجامی دا، وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە لێهاتوویی و هێزەوە لە دژی (دوژمنی زایۆنی ـ ئەمریکی) جەنگا و ناچاری کرد چۆک دابنێت"، دووپاتی کردەوە کە "ئێران داوای لە هیچ لایەنێک نەکردووە دەستوەردان بکات؛ چونکە پێویستی بەوە نییە".

شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی

ئەوەشی خستەڕوو کە "سەرەتای شەڕەکە تیرۆرکردنی سەرکردەی شەهید سەید عەلی خامنەیی و خێزانەکەی لەخۆگرت لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و قەوارەی زایۆنییەوە"، ئەمەش بە "پێشێلکارییەکی زەق و پێشینەیەکی مەترسیدار" لەقەڵەم دا.

وتیشی: "شەهیدبوونی سەید خامنەیی نەک تەنیا گەلی ئێرانی خەمبار کرد، بەڵکو سەرجەم گەلان و ناخە ئازادەکانی خەمبار کرد کە زوڵم و خۆبەزلزانین ڕەتدەکەنەوە".

قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا

لە مەلەفی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، باڵیۆزی ئێران جەختی کردەوە کە "ئەمە بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە و هەر بڕیارێک کە حکومەتی عێراق لەم بارەیەوە بیگرێتەبەر ئێمە ڕێزی لێ دەگرین"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پێمانوایە پێویستە سەرنج بدرێتە سەر ئەو هۆکارانەی کە فەسائیلە چەکدارەکان لە عێراقدا پاڵ پێوە دەنێن بۆ هێشتنەوەی چەکەکانیان، و پێویستە دەنگیان ببیسترێت و وەڵامی مەترسی و دڵەڕاوکێیەکانیان بدرێتەوە".

هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو

سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاماژە بە ئەنجامدانی هێرش لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو دەکەن و گوایە بە ڕێنمایی ئێران بووە، ئال سادق ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم بابەتانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی زیاتر هەیە"، ئەوەشی خستەڕوو کە "حکومەتی عێراق ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی لەم بارەیەوە ڕاگەیاندووە".

جەختیشی کردەوە کە "حکومەتی عێراق خاوەنی چەندین بەڵگەنامەی جیاوازە سەبارەت بە پێشێلکردنی کایەی ئاسمانییەکەی و پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە".

وتیشی: "تۆمەتبارکردنی فەسائیلەکانی بەرگری بەوەی کە سەر بە لایەنێکن یان لەژێر هەژموونێکی دیاریکراودان، جۆرێکە لە سووکایەتیکردن بە بنەمای لۆژیکی بەرگری و هۆکارە ڕەواکانی".

سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق، وتی: "شەڕەکە کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەبووە"، ویلایەتە یەکگرتووەکانیشی بەو لایەنە دانا کە "سیستمی هەرێمی و سەقامگیرییەکەی تێکداوە".

ڕوونیشی کردەوە: "بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وا دەکات ئەمن و سەقامگیرییەکەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی ململانێ هەرێمییەکانەوە".

بەردەوام بوو و وتی: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ گەلی عێراقی دۆستدا هەیە، و ئەم پەیوەندییە لە گەشەسەندندایە لەسەر سەرجەم ئاستەکاندا، بە دڵنیاییەوە ئەم کارلێککردنە جیاوازە لە وڵاتانی دیکە، بەوپێیەی ئێران و عێراق درێغی ناکەن لە یارمەتیدانی یەکتر"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "گفتوگۆ دەبێتە هۆی لێکنزیککردنەوەی بیروڕاکان، و عێراق وەک وڵاتێکی دراوسێ، خاوەنی ئەم توانایەیە بۆ یارمەتیدان لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکەدا".

حزبوڵڵا

ئال سادق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە ئێران لە کاتی دانوستانەکانیدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستبەرداری حزبوڵڵا بووە، جەختیشی کردەوە کە "لوبنان هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا، و ڕاگرتنی شەڕ لە بەرەی لوبنان بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی شەڕ لە کەنداو و ئێراندا".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئێران برا لوبنانییەکانی خۆی فەرامۆش ناکات و بە تەنیا جێیان ناهێڵێت"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لەم دواییانەدا لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا واژۆ کرا، بە ڕوونی بابەتی ڕاگرتنی شەڕی لە لوبناندا لەخۆگرتبوو".

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران

جەختی کردەوە کە "ئێران پێشوازی لە نەمانی ناکۆکییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەکات"، دەستپێشخەریی ئاشتیی هورموزی بیرهێنایەوە کە تاران خستییە ڕوو بۆ چەسپاندنی ئەمنێکی بەردەوام لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و نەمانی لێکتێنەگەیشتنەوە.

باڵیۆزی ئێران: سزاکانی ئەمریکا بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ عێراق لە پێدانی شایستە داراییەکانی غازی ئێران

غازی ئێران

ڕوونی کردەوە کە "سزاکانی سەر بانک و دارایی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراون، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەو کێشانەی کە عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە پێدانی شایستە داراییەکانی ئێران، چونکە بەپێی سیاسەتە تاکلایەنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سیستمەکانی پێدانی ئاسایی تووشی شڵەژان دەبن، و پارەکانی ئێران لە سیستمی بانکیی عێراقدا، لە ڕووی کردارییەوە بلۆک دەکرێن (کۆتوبەند دەکرێن)".

وتیشی: "چوونە دەرەوە لەم بازنە داخراوە پێویستی بە هەوڵدان هەیە بۆ چوونە دەرەوە لەژێر هەژموونی بانکیی ئەمریکا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار، کە ئەمەش ڕێڕەوێکە وڵاتانی دیکەی جیهان بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستیان پێکردووە".

ناوچە پیشەسازییە هاوبەشەکان

سەبارەت بە مەلەفی ناوچە پیشەسازییە هاوبەشەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە "لیژنەیەکی ئابووریی هاوبەش هەیە کە ساڵانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا کۆدەبێتەوە"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "بەرنامە گەلێک هەن لە قۆناغی جێبەجێکردندا، بە شێوەیەک کە هەردوو وڵات، لەگەڵ کاراکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوانیان لە بواری ناوچە پیشەسازییە هاوبەشەکاندا، دەتوانن هەنگاوی کرداری لەم ئاراستەیەدا بنێن".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "لایەنی ئێرانی پێشنیازی کاراکردنی ئەم بابەتەی لە هەندێک لە پارێزگاکانی عێراقدا کردووە"، هیوای خۆشی خواست لە کاتی بەڕێوەچوونی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدا جێبەجێ بکرێت.

قوتابییانی عێراقی

باڵیۆزی ئێران جەختی کردەوە کە "74 زانکۆی ئێرانی لە ناو لیستی ئەو زانکۆیانەدان کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقەوە دانیان پێدانراوە".

وتیشی: "وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سیستمێکی دیاریکراوی بۆ هەڵسەنگاندن و متمانەپێدان داناوە کە پشت بە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان دەبەستێت"، ڕوونیشی کردەوە کە "نزیکەی 10 زانکۆی ئێرانی لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراقەوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق ناسێنراون".

جەختیشی کردەوە لەسەر "بوونی میکانیزمێکی تایبەتی عێراقی بۆ ئەو دەرچووانەی زانکۆ بێ متمانەکان کە پشت بە سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەیەکی هەڵسەنگاندنی زانستی لە یەکێک لە زانکۆ عێراقییەکاندا دەبەستێت پێش پەسەندکردنی بڕوانامەکە"، ڕوونیشی کردەوە کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر سەرجەم بارودۆخەکاندا، ئامادەیی خۆی دەپارێزێت بۆ بەرگریکردن لە وڵات، چ لە کاتی شەڕدا بێت یان لە کاتی ئاشتیدا".