جام کوردی - ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمریکییەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگری کە پێشکەشی کۆشکی سپی کراوە دەریدەخات کە ئێران سەرەڕای فشارەکان، هێشتا هێزی مووشەکی بەرچاوی هەیە و توانای بەرخۆدانی ئابووریی هەیە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی بڵاویکردەوە، شیکردنەوەیەکی هەواڵگری کە پێشکەش بە کۆشکی سپی کراوە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە سەرەڕای ئیدیعای کاربەدەستانی کۆشکی سپی، ئێران هێشتا توانای مووشەکی بەرچاوی هەیە.
ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، ئەو شیکارییە هەروەها گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئێران بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی سێ یان چوار مانگ بەرگەی سزاکان بگرێت.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە: ئێمە پێمان وایە توانای ئێران بۆ بەرگەگرتنی سەختی ئابووری درێژخایەن زۆر زیاترە لە خەمڵاندنەکانی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی).
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لەدژی ئێران کە هاوسەنگییەکی نوێی هێزی لە ناوچەکە دامەزراند، ئەمریکا هەوڵیدا توانای هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکاتە ئامانج و بە چڕکردنەوەی گوشار و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، پێکهاتەی بەرگریی خۆی بنیات بنێتەوە.
واشنتۆن کە پێشبینی کردبوو کە بۆردومانی بەرفراوانی دامەزراوە مووشەکییەکانی ئێران و ژێرخانی سەربازی ئێرانی لە هەر توانایەکی ڕێگریکردن لە وڵاتەکەی سەندەوە، ئێستا ڕووبەڕووی ڕاپۆرتێکی نوێی دەزگا هەواڵگرییەکانی دەبێتەوە کە گێڕانەوەی فەرمی کۆشکی سپی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم ڕاپۆرتە کە هاوکات لەگەڵ دانپێدانانی بەرپرسێکی ئەمریکی کە تواناکانی ئێران لە خەمڵاندنەکانی دەزگای هەواڵگری ناوەندی (سی ئای ئەی) زیاترە، کەلێنی نێوان واقیعی سەر زەوی و گێڕانەوەی سیاسی واشنتۆن لە دوای گەمارۆی دەریایی دژی ئێران نیشان دەدات.