جام کوردی - ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بەلەمی خێرای ئێرانی بە یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی تارانی بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا و هەڕەشەکردن لە بازاڕی جیهانی وزە لە گەرووی هورمز و کەنداوی فارس وەسف کردووە.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بە ئاماژەدان بە تۆڕی بەلەمی خێرای ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەلەمانە بوونەتە یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکانی تاران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و فشارخستنە سەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی لە کاتی ململانێ بەردەوامەکانی کەنداوی فارسدا.
ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سێ لە پەیامنێرانی ڕۆژنامەکە لە لەندەن، واشنتۆن و تاران، باس لەوە دەکات کە سەدان بەلەمی خێرای ئێرانی بەدرێژایی کەناراوەکانی باشووری ئێران شاردراونەتەوە، ئامادەن لە ساتێکدا بەرەو گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە خنکاندنە دەریاییەکانی جیهان بجوڵێن. بەشێک لەو بەلەمانە سووک دەردەکەون، هەندێکی تریشیان بە مووشەکی کورت مەودا و تەکنەلۆژیای ئاڵۆزتر تەیارکراون کە ڕێگەیان پێدەدات بە کۆمەڵ بجوڵێن و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر کەشتیەکان کاربکەن.
ڕاپۆرتەکە زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەلەمە خێراکان هێمای دوکتۆرینی شەڕی ناهاوسەنگی ئێرانە؛ واتە بەکارهێنانی ئامرازی هەرزان و زۆر جووڵاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزێکی سەربازی گەورە.
سەرەڕای چەندین جار بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەناوچووە! هێزی ڕاستەقینەی تاران لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران و جبەخانەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەلەمی هێرشبەری خێرادایە.
ئێران ئێستا لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کلاسیکی دەریایی پشت بە کەرەستەی شەڕی ناهاوسەنگ دەبەستێت. بەشێک لەو بەلەمە بێ سەرنشینانە توانای هەڵدانی مووشەک یان تۆرپیدۆیان هەیە. ئەم بەلەمانە بەتەنها توانای شکستپێهێنانی هێزی دەریایی ئەمریکایان نییە، بەڵام کاتێک لەگەڵ مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێکەڵ دەکرێن، زۆر مەترسیدارتر دەبن. جوگرافیا، واتە کەنار دەریا درێژەکەی بەدرێژایی کەنداوی فارس، سوودێکی بەرچاو بە ئێران دەبەخشێت.