جام کوردی- میدیاکانی ئیسرائیل ناڕەزایی بەربڵاوی ناوەندی ئەمنی و سەربازیی ڕێژیمیان لە بەڕێوەبردنی ئەم دواییەی شەڕ لەلایەن  ترەمپەوە بڵاو کردەوە و لە هەمان کاتیشدا ئاشکرایان کرد کە 15 هەزار چەکداری کوردیش ئامادە کرابوون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مەیدانی لە ناوخۆی ئێران.

ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"ی زایۆنی بڵاوی کردەوە: بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل پێیان وایە کە حکومەتی ئەمریکا ڕێگری لە جێبەجێکردنی بەشێکی گرنگی پلانەکانی پێشوەختە داڕێژراو لە دژی ئێران کردووە؛ پرسێک کە پێیان وایە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لە نێوان واشنتۆن و تاران و لە ئەنجامدا پێگەی ناوچەیی ئێران بەهێزتر بکات.

ماڵپەڕی Arab48 لەم بارەیەوە نووسیویەتی: "بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل دۆناڵد ترەمپ و حکومەتی ئەمەریکا بە بەرپرسیار دەزانن لە تەواونەکردنی ئەو ئامانجانەی کە تەلئەبیب لە کاتی شەڕدا بەدوایدا دەگەڕا. هەروەها ئەم سەرچاوانە ڕەخنەیان لە ئەدای سەرکردە سیاسییەکانی ئیسرائیل گرت و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نەیانتوانیوە فشار بخەنە سەر ئەمریکا بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پلانە سەرەتاییەکانی جەنگ".

ماریۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی تۆکمەیان داڕشتبوو بۆ لێدانی دەسەڵات لە ئێران پێش دەستپێکردنی شەڕ. بەپێی ئەم سەرچاوانە، ئەم پلانە بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی فەرماندەکان، توانا سەربازییەکان و ژێرخانی ئابووری پەیوەست بە کەرتی نەوت، گاز و وزەی ئێران.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا هێزێکی زیاتر لە 15 هەزار چەکداری کوردیش ئامادە کراوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مەیدانی لە ناوخۆی ئێران و بڕیار بوو ئەو جموجۆڵانە فشاری زیاتر بخەنە سەر حکومەتی ئێران، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی ناوخۆیی.

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل نووسیویەتی، لە سەردەمی جەنگدا فشار لەسەر ترەمپ کراوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە جێبەجێکردنی تەواوی ئەم پلانە بکرێت. بەپێی ئەم سەرچاوانە، دژایەتی لەناو ئیدارەی ئەمریکادا لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس و هەروەها ستیڤ ویتتاکەرەوە هەبووە. جگە لەوەش باس لە فشارە دەرەکییەکان کراوە کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

بۆ خوێندنی بابەتەکە لە سەرچاوەوە کلیک بکە