جام کوردی ـ ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی ڕایگەیاند، ئێران بڕیاریداوە ئاڵوگۆڕی پەیام و گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوی ڕابگرێت، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک دژی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان.

بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاگربەست لە هەموو بەرەکان پێشێل کراوە و تا هێرشەکان نەوەستن و سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبنان نەکشێتەوە، چاوپێکەوتن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ئەنجام نادرێت.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە چەکدارەکانی ئێران و گروپەکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمە" لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ڕێککەوتوون؛ بە جۆرێک پلان هەیە بۆ داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز و چالاککردنی زیاتری بەرەکانی دیکەی شەڕ، بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی پاڵپشتیی لێدەکەن.