جام کوردی - لە ڕاپرسییەکی سەنتەری توێژینەوەی پیودا دەرکەوتووە کە نزیکەی لەسەدا ٦٠ی ئەمریکییەکان پێیان وایە کاریگەری ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان لە ماوەی ٢٥ ساڵی داهاتوودا کەم دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپرسییەکە، لەسەدا ٥٨ی بەشداربووان پێیان وایە کە کاریگەرییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا لە ماوەی چارەکی سەدەی داهاتوودا کەم دەبێتەوە، لەکاتێکدا لەسەدا ٤٠ی بەشداربووان پێیان وایە کاریگەرییەکەی زیاد دەکات.

هەروەها لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە، 56%ی ئەمریکییەکان نیگەرانن لەوەی وڵاتەکەیان مەترسیدارتر دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تێیدا بژین، لەکاتێکدا 54% پێیان وایە ئەدای حکومەت کەم دەبێتەوە و 55% پێشبینی دەکەن ئابووریی وڵاتەکەیان لاواز بێت. جگە لەوەش لەسەدا ٦٦ی بەشداربووان پێیان وایە بە تێپەڕبوونی کات وڵات لە ڕووی سیاسییەوە زیاتر دابەش دەبێت.

دەرەنجامەکان دەریانخستووە ڕەشبینی زیاتر لەنێو گەنجاندا بڵاوبووەتەوە، بەو پێیەی تەنها 24%ی بەشداربووان لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 29 ساڵیدا پێیانوایە دابەشبوونی سیاسی بەرتەسک دەبێتەوە، لەکاتێکدا ئەو ڕێژەیە لەنێو گروپە تەمەنییە بەتەمەنەکاندا لە 31% بۆ 41% دەگۆڕێت.

ڕاپرسییەکە لە ٦ تا ١٢ی نیسان لە نێوان نمونەی ٣٥٩٢ کەسی پێگەیشتوو لە ئەمریکا ئەنجامدراوە کە جیاوازی هەڵەیان ١.٩ خاڵ لەسەدا بووە.