جام کوردی - بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بەو لێکتێگەیشتنەی کە گەیشتوونەتە دەست، لە هەمان کاتدا کە گەرووی هورمز دەکرێتەوە، گەمارۆی دەریایی ئێرانیش هەڵدەگیرێت.

کەناڵی ئەلجەزیرە بڵاویکردەوە، لەو لێکتێگەیشتنەی کە کراوە، ئێران وەک مەرجێکی بنەڕەتی پابەند دەبێت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمز بە بێ پێدانی هیچ ڕسوماتێک هەیە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا گەمارۆی دەریایی ئێران هەڵدەگرێت لە هەمان کاتدا کە ئێران هەنگاوەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەنێت.

کاتژمێرێک لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس ئیدیعای کرد کە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە سبەی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ئەلیکترۆنییان بەڕێوە بچێت.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە، کە کردنەوەی گەرووی هورمز لەگەڵ ڕێوشوێنی پاککردنەوەی میندا دەبێت، هەروەها ئەمریکا ڕێوشوێنی بەرفراوان بۆ پاککردنەوەی مین لە گەرووی هورمز دەگرێتەبەر تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.