جام کوردی ـــ کاتێک باس لە بەرهەمە کشتوکاڵییە ستراتیژییەکانی کرماشان دەکرێت، کەم بەرهەم دەتوانرێت هاوتای نۆک هەژمار بکرێت. بەرهەمێک کە ساڵانێکە ناوی کرماشانی لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا ناساندووە و ئەمڕۆش دەتوانێت ببێتە یەکێک لە بەرهەمە هەرە گرنگەکانی هەناردەکردنی نانەوتی ئەو پارێزگایە. لەم نێوەندەدا بازاڕی عێراق بە باشترین شوێن دادەنرێت بۆ پەرەپێدانی هەناردەی نۆکی کرماشان بەهۆی نزیکیی جوگرافی و لێکچوونی کولتووری و پێویستی بەردەوامی هاوردەکردنی خۆراک.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی جام کوردی، کرماشان تەنیا ناوەندی بەرهەمهێنانی نۆکی وڵاتە بەڵکوو بە هۆی نزیکی لەگەڵ عێراق، خاوەن قازانجێکە کە زۆربەی لە پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی دیکە لەو قازانجە بێبەشن؛ دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە بازاڕی بەکارهێنەر.

لە کاتێکدا بەرهەمهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی وڵات بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی هەناردەکردن ناچارن تێچووی گواستنەوەی قورس بدەن، جووتیارانی نۆکی کرماشان تەنیا چەند کاتژمێرێک لە بازاڕە گەورەکانی عێراق و تەنانەت بەغدادەوە دوورن. ئەم سوودە دەتوانێت تێچووی هەناردەکردن کەم بکاتەوە و توانای کێبڕکێی بەرهەمە ئێرانییەکان زیاد بکات.

بەڵام گرینگترین هێزی نۆکی کرماشان تەنیا هەڵکەوتەی جوگرافی نییە. کوالیتی بەرز، قەبارەی دانەوێڵەی گونجاو، گونجاو لەگەڵ کەشوهەوای وشک و کەمی پێداویستی بە ئاو، وایکردووە ئەم بەرهەمە ببێتە بژاردەیەکی ستراتیژی لە بارودۆخی قەیرانی ئاودا.

لە کاتێکدا زۆرێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ڕووبەڕووی سنوورداربوونی سەرچاوەی ئاو دەبنەوە، نۆک دەتوانێت بەهای ئابووری زیاتر بۆ جووتیاران دروست بکات بە بەکارهێنانی ئاوی کەمتر.

بەڵام ڕێگای پەرەپێدانی هەناردەی نۆک بۆ عێراق بێ تەحەددا نییە. یەکێک لە خاڵە لاوازە هەرە گرنگەکان فرۆشتنی خاوی بەرهەمەکەیە.

بەشێکی بەرچاو لە نۆکەکانی پارێزگاکە بەبێ پرۆسێسکردن، پاکەتکردنی پڕۆفشناڵ و دروستکردنی بەهای زیادکراو هەناردە دەکرێت؛ لە کاتێکدا قازانجی سەرەکی لە زنجیرەی پرۆسێسکردن و پاکەتکردن و براندکردندایە.

ئەگەر کرماشان بتوانێت بەرهەمەکانی لە بری هەناردەکردنی بەکۆمەڵ لە شێوەی براندە بەناوبانگەکان و بەرهەمە پرۆسێس کراوەکاندا بۆ عێراق دابین بکات، ئەوا داهاتی ئەم کەرتە چەند هێندە زیاد دەکات.

کێشەیەکی تر، ناسەقامگیری سیاسەتەکانی هەناردەکردنە. ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو دەریانخستووە کە هەرکاتێک سنووردارکردنی هەناردەکردن یان قەدەغەکردن سەپێنرا، بازاڕە ئامانجدارەکان بە خێرایی لەلایەن ڕکابەرەکانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

بازاڕی عێراقیش لەم یاسایە بێبەری نییە و وڵاتانێک وەک تورکیا هەوڵدەدەن پشکێکی گەورەتر لە بازاڕی دانەوێڵەی وڵاتەکە بگرنە دەست. لەدەستدانی بازاڕی هەناردەکردن زۆر ئاسانترە لەوەی کە بەدەستی بهێنیتەوە.

جگە لەوەش لاوازی بەبازاڕکردنی پڕۆفشناڵ و نەبوونی پیشەسازیی بەرفراوانی پرۆسێسکردن و نەبوونی پشتیوانی بۆ هەناردەکاران بە ئاستەنگی بەردەم گەشەسەندنی ئەم کەرتە دادەنرێت. لە کاتێکدا عێراق یەکێکە لە گەورەترین شوێن بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانی کرماشان، زنجیرەی هەناردەکردنی نۆک لەو پارێزگایەدا هێشتا نەگەیشتووەتە پێگەیشتنی تەواو.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە نۆک بۆ کرماشان تەنیا بەرهەمێکی کشتوکاڵی نییە بەڵکوو توانای ئابووری و دامەزراندن و تەنانەت ئاسایشی خۆراکیشە.

ئەگەر پەرەپێدانی چاندنی پاییز، زیادبوونی بەرهەمهێنان، دامەزراندنی پیشەسازییەکانی پرۆسێسکردن و پشتیوانی لە هەناردەکردن بخرێتە بەرنامەی کارییەوە، نۆک دەتوانێت ببێتە “زێڕی زەرد”ی ڕاستەقینەی زاگرۆس؛ بەرهەمێک کە هەم یارمەتیدەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەم ئاوی و هەم دراوی بیانی بەرچاو بۆ پارێزگاکە و وڵاتەکە دەهێنێت.

ئەمڕۆ پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا نۆکی کرماشان توانای ئامادەبوونی هەیە لە بازاڕی عێراقدا یان نا؛ پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانین لە هەناردەکارێکی کەرەستەی خاوەوە بگۆڕین بۆ یاریزانێکی کاریگەر لە بازاڕی دانەوێڵەی عێراقدا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە داهاتووی یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە ستراتیژییەکانی کرماشان دیاری دەکات.