جام کوردی ــــ‌ فەرماندەیی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، لەسەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵات، ڕایگەیاند؛ ئاسایشی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لە پارێزگای کرماشان لە بەرزترین ئاستدایە و ڕێکخستنی پێویست بۆ چالاکییە ئابوورییەکانی سەر سنوور و ئەربەعین دابین کراوە.

سەردار "عەلی ئەکبر جاویدان" لە سەردانێکدا بۆ سنوورەکانی سۆمار، خوسرەوی و پەرویزخان، ڕایگەیاند: پاسەوانانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە هاوکاریی ئەرتەش، سوپای پاسداران و پشتیوانی دانیشتوانی سنوورەکان، ئاسایشی بەردەوامی سنوورەکانیان مسۆگەر کردووە و لە بەرامبەر ئەگەری هەر هەڕەشەیەکدا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە چالاکی بازرگانی لەسەر سنوورەکان وتیشی: ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان و چالاکییەکانی سنوور لە چوارچێوەی یاساکاندا بەردەوامن، هەروەها مامەڵە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق چ لە حکومەتی ناوەندەوە و چ لە هەرێمی کوردستانەوە، لە ئاستێکی خوازراودایە.

فەرماندەی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ئامادەیی تەواوی یەکەکانی پاسەوانی سنووری بۆ خزمەتکردنی زیارەتکارانی ئەربەعین لە سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران ڕاگەیاند و وتی: هەموو ڕێکخستنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان پلانیان بۆ دانراوە بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی زیارەتکاران لە سنوورەکانی خوسرەوی و دەروازە سنوورییەکانی دیکە.