جام کوردی - بەگوێرەی میدیایەکی ئوسترالیا، ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی شکستی واشنتۆنە لە گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی لە ماوەی چەند مانگێک لە ململانێی سەربازی، سیاسی و ئابووری، کە دواجار ئەو وڵاتەی بەرەو ئاگربەست و دانوستان گەیاند.

لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، ڕادیۆ ئای بی سی ئوسترالیا نووسیویەتی: “رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕاستیدا زیاتر بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی دادەنرێت نەک لە ئەنجامی فشارە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکان کە لە ئەنجامی شەڕێکی درێژخایەن و تێچووی زۆرەوە هاتوونەتە ئاراوە؛ شەڕێک کە لێکەوتەی دوور مەودای بۆ بازاڕەکانی وزە و خۆراک لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە”.

ئەو دەزگایە زیادی کرد: ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەگەڵ نەخشێک لە ڕەفتاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا یەکدەگرێتەوە؛ شێوازێک کە پێدەچێت واژۆکردنی ڕێککەوتنێک ئامانجی سەرەکی بێت و زۆرجار وردەکارییەکانی کورسی پشتەوە بگرن.

ڕادیۆی ئای بی سی جەختی لەوە کردەوە کە شەڕی دژی ئێران بۆتە تەحەدای سیاسی بۆ ترەمپ؛ شەڕێک کە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و خۆراک هەبووە و لەلایەن ڕای گشتی ئەمریکاوە پێشوازییەکی باشی لێ نەکراوە.

ئەو دەزگای میدیاییە بە ئاماژەدان بە ئەنجومەنی ئاشتی غەززە کە لەلایەن ترەمپەوە دامەزراندووە، نووسیویەتی: پێدەچێت دوای ئەوەی ترەمپ دەڵاڵی ڕێککەوتنی غەززەی کرد، سەرنجی خۆی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی دوورخستبێتەوە و دۆسیەکەی بە تەنیا جێهێشتبێت.

بەگوێرەی ئەو دەزگای میدیاییە، ئەوەی بۆ ترەمپ گرنگترە، "کاریگەری ڕاگەیاندنی" ڕێککەوتنێک و ئەو دەستکەوتە سیاسییەی کە لە ئەنجامی واژۆکردنیدا دێتە ئاراوە؛ لە کاتێکدا ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە لە دوای ئەوە دێت.

ڕادیۆی ئای بی سی بە ئاماژە بە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە لایەنەکان هیوادارن ئەم ڕێککەوتنە بتوانێت دەستپێشخەری سەردەمێکی نوێ بکات؛ سەردەمێک کە تاران زیاتر لە پێشووتر لە کارلێکە ئابووری و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەبێت.

هەروەها دەزگای ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی واقیعە مەیدانییەکاندا هەڵسەنگێندرێت؛ شەڕێک کە لەلایەن ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد و لێکەوتەی دوور مەودای بۆ ناوچەکە و ئابووری جیهانی هەبوو.

ئامانجی بەدی نەهاتوو

ڕادیۆی ئای بی سی لە دوای ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام بوو لە قسەکردن لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانی بەوەدانا کە ئێران بە پێچەوانەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی ئیسرائیل نەک هەر نەڕووخێنرا، بەڵکو بە یەکگرتوویی و خۆڕاگری زیاترەوە لەم قەیرانە دەرچووە.

دەزگای ڕاگەیاندن بە ئاماژەدان بە هێزی سەربازی ئێران نووسیویەتی: ئەو شەڕە کە هەندێک لە شرۆڤەکارە سەربەخۆکان مەزەندەی دەکەن بە تێچووی ئەمریکا تا یەک ملیار دۆلار لە ڕۆژێکدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە سیستەمی بەرگری تەقەمەنی و مووشەکی ئەمریکا و ئیسرائیل کەم کردەوە، بەڵام نەیتوانی هێزی مووشەکی ئێران لەناو ببات.

هەروەها ڕادیۆی ئای بی سی جەختی لەوە کردەوە کە لە ١٨ مانگی یەکەمی خولی دووەمی ترەمپدا چالاک بووە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان و دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن، بەڵام ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە چارەسەرکردنی هەندێک دۆسیەی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی یان دواخستنی بڕیارەکان لەسەریان.

سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئاشتی هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارێکی کردووە کە ساڵانێکی زۆر کەسانی دیکە نەیانتوانیوە بیکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئەم دەزگایە میدیاییە، حکومەتی ئەمریکا نەک هەر نەیتوانی کۆتایی بە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین بهێنێت، بەڵکو گرژییەکانیش پەرەی سەند و بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران.

جاسمین ئەلغەمال، ڕاوێژکاری پێشووی پنتاگۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: ئیسرائیل هەرگیز سەلامەت نابێت تا ئەو کاتەی بەردەوام بێت لە داگیرکارییەکان.

جۆن هاوارد سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئوسترالیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕەگی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی چارەسەرنەکراوی فەلەستینە.

ڕادیۆی IBC ڕایگەیاند کە یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی شەڕەکە زیادبوونی ناکۆکی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ بووە و ئاماژەی بەوەشکردووە: لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕاپۆرتی پەیوەندییە تەلەفۆنییە گرژەکانی نێوان هەردوولا بڵاوکراوەتەوە؛ پەیوەندییەکان کە ئاماژەن بۆ زیادبوونی کەلێنی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە.