جام کوردی -  وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویسرا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتویه‌تی، ئەو دانوستاندنە پلانبۆداڕێژراوانەی کە بڕیار بو ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ بورگنبستۆک لە نێوان ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستاندا بەڕێوه‌بن هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وە و ئەوەش داوی ئەوەی میدیای ئێران بڵاوی کردەوە به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی هێشتا ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌ له‌ ھێرشه‌كانی بۆ سه‌ر لوبنان ئەو دانوستانانە هەڵوەشاوەتەوە .

ئەمەش لە کاتێک دایە کە شه‌وی رابردو به‌شێك له‌ میدیاكانی ئێران و میدیا لوبنانییه‌كانی نزیك له‌ ئێران بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ تیمی ئێرانی گه‌شته‌كه‌ی بۆ سویسرا هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی هێشتا ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌ له‌ ھێرشه‌كانی بۆ سه‌ر لوبنان.

شه‌وی رابردو ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویكرده‌وه‌، دانوستانکارانی ئێرانی پێش دەستپێکردنی گه‌ڕی داهاتوی گفتوگۆکانی ئاشتی، پێویستیان بەوەیە نیشانەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەكه‌ لە لایەن ئەمریکاوە ببینن و هێشتا هیچ پشڕاستکردنەوەیەک سەبارەت بە گەشتی وه‌فدی ئێرانی بۆ سویسرا لە ئارادا نییە.

هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی سویسرا لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا هەواڵێکی گرنگە؛ بەڵام هەواڵە گرنگترەکە لە شوێنێکی تردایە: ئایا ئەمریکا دەتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات مەرجەکانی لێکتێگەیشتنەکە جێبەجێ بکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، زیاتر لە هەر کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی، داهاتووی ڕێککەوتنەکە و ئاسۆی شەڕ یان ئاشتی دیاری دەکات.

کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٥دا لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێککەن کە یەکەم خاڵ ئەوەیە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لەم شەڕەی ئێستادا، بە واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، وەستانی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان و بە لوبنانیشەوە ڕادەگەیەنن و بەڵێن دەدەن کە لەمەودوا دەست بە هیچ شەڕێک یان هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دژ بە یەکتر نەکەن و خۆیان لە هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز لە دژی یەکتر بەدوور بگرن، هەروەها گەرەنتیکردنی یەکپارچەیی و سەروەری لوبنان. ڕێککەوتنی کۆتایی وەستانی هەمیشەیی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا بە لوبنانیشەوە و مانەوەی بڕگەکانی ئەم بڕگەیە پشتڕاست دەکاتەوە.