جام کوردی - ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا دانی بەوەدانا کە سیاسەتە شەڕخوازەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران ئەنجامێکی نەبووە و تاران لە ئێستادا سوودمەندە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە: دوای چوار مانگ لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دژی ئێران چی گۆڕاوە؟ زۆر شت نەگۆڕاوە. بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە و چارەنووسی مووشەکی بالیستیکی بۆ دانوستانی زیاتر دواخراوە و تا ئێستاش هێزەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا ئامادەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەم ڕێککەوتنە ڕەنگدانەوەی باڵادەستی سەربازی ئەمریکا نییە، بەڵکو سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەمریکایە لە درێژەدان بەو گرژییەدا. تاران توانی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بکاتە سەرچاوەیەکی نوێی دەسەڵات لە گەرووی هورمزدا. ئەم شەڕە هێزی ئێرانی لە بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەک لیڤەری گوشاری ستراتیجی نیشان دا.

ڕاپۆرتەکە بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە: بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، تاران دەستکەوتی ئابووری گەورە بەدەست دەهێنێت، لەوانە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، دروستکردنی سندوقی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای 300 ملیار دۆلار و ئازادکردنی سەروەت و سامانی سڕکراو.