دەزگای میدیایی ئیتاڵی گازێتا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا باسی لە ژیانی پڕ لە گێژاوی عەلیرەزا بەیرانوەند کردووە و بە "پاڵەوانی ئێران" و گۆڵپارێزێک وەسفی کردووە کە لە ڕێگەی فڕێدانی بەردەوە لێهاتوویی خۆی پەروەردەکرد.

ئەو دەزگایە میدیاییە نووسیویەتی: "چۆن شوانێکی پارێزگای لۆڕستان بوو بە یاریزانێکی پڕۆفشناڵی تۆپی پێ کە لە مۆندیالی ٢٠١٨دا لێدانی سزای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی گرتەوە".

سەبارەت بە درەوشاوەیی بەیرانوەند بەرامبەر بەلجیکا، گازێتا نووسیویەتی کە ناوبراو جارێکی دیکە توانا تایبەتەکانی خۆی بە درێسی ئێرانی نیشان دا و بە چەندین سەیڤ دەروازەی تیپەکەی بە داخراوی هێشتەوە.

چیرۆکی ژیانی بەیرانوەند لەو ڕۆژانەوە دەست پێدەکات کە لە منداڵیدا لە کاتی چاودێریکردنی مەڕەکانی خێزانەکەدا تا ئەو شوێنەی کە دەیتوانی بەردی فڕێدەدا. بەپێی ئەو دەزگای میدیاییە، دواتر هەمان ئەو بەردانە بوون بە تۆپ و مەیلی بۆ فڕێدانی درێژ و ئەوا ئێستا لە فڕێدانی دەستی بەناوبانگیدا ڕەنگیداوەتەوە کە دەتوانێت تۆپەکە بە وردبینییەکی زۆرەوە فڕێ بدات بە زیاتر لە 60مەتر.

هەروەها گازێتا ئاماژە بە ڕێبازی ژیانی سەختی ئەو دەکات؛ بەیرانوەند لە سەرەتادا هێرشبەر بوو و تەنها بە ڕێکەۆت بە هۆی پێکانێکی یەکێک لە هاوڕێکانیەوە چووە نێو دەروازە، بڕیارێک کە ڕەوتی ژیانی گۆڕی.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، باوکی بەیرانوەند سەرەتا دژی ئەوە بووە کە یاری تۆپی پێ بکات و تەنانەت جارێک جل و بەرگ و دەستکێشەکانیشی دڕاندووە. دواتر بەیرانوەند وتی: بۆ ماوەیەک ناچار بووم بە دەستە ڕووتەکانمەوە لە نێو دەروازەدا بوەستم.

بەیرانوەند بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و گەیشتن بە خەونەکەی، کاری جۆراوجۆری تاقیکردەوە؛ لە شوانییەوا بگرە تا کارکردن لە نانەواخانە و شوشتنی ئۆتۆمبێل.

دواجار لە ساڵی 2011 دا بەهرەکەی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێ نەفتی تاران بینرا و ڕێگای بۆ چوونە ناو هەڵبژاردەی نیشتمانی ئێران کرایەوە.

گازێتا لە کۆتاییدا نووسیویەتی: بەڵام کاتێک بەیرانوەند دەستکێشی هەڵبژاردەی ئێران دەکاتە دەستی تێپەڕاندنی نزیکە لە مەحاڵ.