بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش چەند حەفتەیەک لە نکۆڵیکردن و پەردەپۆشکردن، بەرپرسێکی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی هەرچەندە بە شێوەیەکی سنوردار، دواجار دانی بەوەدانا کە ژمارەیەک لە بنکە سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە لە کاتی وڵامدانەوەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژەدا کراونەتە ئامانج.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەر زاری ئەو بەرپرسە زایۆنیستە ڕایگەیاندووە کە ئەمە یەکەمجارە تەلئەبیب دان بەوەدا بنێت کە ژێرخانی سەربازیی لە هێرشەکانی ئێراندا زیانیان پێگەیشتووە.
ئەو بەرپرسە سەربازییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە بنکە سەربازییەکان کرانە ئامانج، بەڵام هێشتا چالاکن.
ئەو بەرپرسە زایۆنیستە ئامادەنەبووە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە شوێنی بنکەکان و قەبارەی زیانەکان بخاتەڕوو.
ڕژێمی زایۆنیستی پێشتر بانگەشەی ئەوەیدەکرد کە سیستەمی بەرگری ئاسمانیی توانیویەتی زۆربەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران پووچەڵبکاتەوە. بەڵام دانپێدانانێکی نوێ لە ناو پێکهاتەی سەربازیی ئەو ڕژێمەوە پیشان دەدات کە هێرشەکانی ئێران ئەو بانگەشە و پڕوپاگەندانەی تێپەڕاندووە.
ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە لە کاتی ئەو هێرشانەدا، ئێران لە چەند شەپۆلێکی یەک لە دوای یەکدا پێگە هەستیارەکانی لە شارەکانی وەک تەلئەبیب و حەیفا کردە ئامانج؛ ئەو ناوچانەی کە زۆربەی ژێرخانی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستییان لەخۆگرتووە.
سەرچاوە فەرمییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە شەڕی 12 ڕۆژەدا 28 کەس کوژراون کە یەکێکیان سەرباز بووە. ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە داگیرکەران لە ڕاگەیاندنی قوربانییەکانیان لە شەڕی غەززە و پێشتریش لە ململانێکان لە گەڵ حزبوڵڵای لوبنان بە توندی سانسۆری هەواڵەکانیان کردووە. زۆرێک لە سەرچاوەکانی زایۆنیست دانیان بەوەدا ناوە کە ئامارە سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە زۆر کەمترن لە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکان.
شایانی باسە کە ئەم زانیاریانە بە موڵيتی بەڕێوبەرایەتی سانسۆری سوپای ڕژێمی زایۆنیستی، دامەزراوەیەک کە بە فەرمی کۆنترۆڵی تەواوەتی بە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە هێرشەکان، شوێنی لێدانی مووشەکی، ژێرخان و زیانەکانی سەربازی و تەنانەت وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی تۆمارکراوی سەرجەم زایۆنیستەکان هەیە، بڵاوکراوەتەوە.
ئەوەی کە باس دەکرێت، ڕەنگە تەنیا بەشێکی کەمی ڕاستییەکان بێت و زۆرێک لە زیانەکان، بەتایبەت لە بواری ئەمنی و سەربازیدا، بە شاراوەیی لە چاوی گشتیدا ماونەتەوە.
پێشتر ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرای کرد کە بە پشتبەستن بە داتای ڕادار، پێنج دامەزراوەی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشەکانی ئێراندا بە سەرکەوتوویی کراونەتە ئامانج.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تەلەگراف، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێنج دامەزراوەی سەربازی کە پێشتر ئاشکرا نەکرابوون، بە شەش مووشەکی ئێرانی لە باکور، باشور و ناوەڕاستی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کەوتوونەتە خوارەوە، لەوانەش بنکەیەکی گەورەی ئاسمانی، ناوەندێکی کۆکردنەوەی هەواڵگری و بنکەیەکی لۆجستی./.