بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی، لە کاتی سەردان کردنی بۆ سنووری سۆمار، جەختی لەوە کردەوە کە کرماشان "دەروازەی زیارەت و بازرگانی" وڵاتەکەیە و وتی: سنووری سۆمار لە ئەمساڵەوە دەچێتە پاڵ سنوورەکانی ئەربەعینی ئەو وڵاتە و دەستپێکردنی هاتووچۆی گەشتیاران لە ڕێگەی ئەم دەروازەوە نەک هەر ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکان بۆ مەزارگە پیرۆزەکان دەکات، بەڵکو ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئاڵۆگۆڕی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە شاری گیلان غەرب و ناوچە سنوورییەکان.

پارێزگاری کرماشان ئاماژەی بەوەدا کە چالاککردنی سنووری سۆمار داواکارییەکی لەمێژینەی خەڵکی ناوچەکەیە و زیادی کرد: هەر ناوچەیەک ببێتە ڕێگای هاتووچۆ و بە شێوەیەکی سروشتی شایەتحاڵی خۆشگوزەرانی ئابووری و زیادبوونی وەبەرهێنان و گەشەسەندن دەبێت و سۆماریش سوود لەم توانایە وەردەگرێت.

حەبیبی لە کۆبوونەوەی ستادی ئەربەعینی پارێزگادا بە ئاماژەدان بە کاتی سنووردار تا ئەربەعین، داوای لە سەرجەم دەزگاکانی جێبەجێکردن کرد بە ڕۆحی جیهادی بە درێژایی کاتژمێرەکانی شەو و ڕۆژ کاربکەن بۆ تەواوکردنی ژێرخانی ئەم سنوورە.

هەروەها جەختی لە تەواوکردنی ڕێگای حەوت کیلۆمەتری چوونەژوورەوەی سنووری، دانانی خێرای دەروازەکانی هاتووچۆ و جێگیرکردنی دەزگاکانی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی یاسا و پاسەوانی سنوور و بەهێزکردنی کاروان و خزمەتگوزارییەکانی ئاسوودەژیانی کردەوە.

زۆرینەی پڕۆژەکان تا کۆتایی مانگی تەمموز دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە

لەمبارەیەوە بەڕێوبەری گشتی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسای پارێزگا و سکرتێری ستادی ئەربەعینی پارێزگا ڕایانگەیاند کە پڕۆژە ئەولەویەتدارەکانی سنووری سۆمار بەخێرایی جێبەجێ دەکرێن و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی مانگی تەمموز زۆرینەی ئەو پڕۆژانە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی ئەم مەرزە ئامادەبێت بۆ میوانداریکردنی زیارەتکاران.

هەروەها پارێزگاری گیلان غەرب هەواڵی زیادکردنی دەوامی کار و چالاکی گروپە جێبەجێکارەکانی بۆ ئامادەکردنی ژێرخانەکان، ڕاگەیاند.

لە دەیەی یەکەمی موحەڕەمدا زیاتر لە 18 هەزار زیارەتکار بە سنووری خوسرەوییەوە تێدەپەڕن.

لە لایەکی دیکەوە، سنووری نێودەوڵەتی خوسرەوی بەبێ پچڕان بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ زیارەتکاران.

بەڕێوەبەری گومرگی خوسرەوی ڕایگەیاند، لە دەیەی یەکەمی موحەڕەمدا زیاتر لە 18 هەزار زیارەتکاری ئێرانی و عێراقی بەم سنوورە تێپەڕیون و هەموو ڕێکارە گومرگییەکانیش لە کەمترین ماوەدا ئەنجام دراون.

داریوش سادقی بە ئاماژە بە ئامادەیی تەواوەتی ژێرخانی خوسرەوی بۆ ئەربەعین وتی: جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ زیارەتکاران، چالاکییە بازرگانییەکان و هەناردەکردنی کەلوپەلەکانیش بەبێ پچڕان لەم سنوورەدا بەردەوامن و ڕۆژانە لە نێوان 400 بۆ 450 بارهەڵگر بە سنووری خوسرەوییەوە تێدەپەڕن.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەربەعینی حوسەینی، کرماشان خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی ملیۆنان زیارەتکار، لە هەمان کاتدا چالاککردنی سنووری سۆمار، هاوکات لەگەڵ تواناکانی سنووری خوسرەوی، دەتوانێت جگە لە باشتر دابەشکردنی هاتوچۆی زیارەتکاران، ڕێگا بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری و گەشەسەندنی بەردەوامی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکە خۆش بکات.