بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەبەرهێنەر پێش ئەوەی بیر لە زەوی، کارەبا، گاز، یان تەنانەت ئیمکاناتی بانکی بکاتەوە، وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتی دەداتەوە؛ ئایا دەکرێت پلان بۆ داهاتوو دابنێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە نەرێنی بێت، تەنانەت باشترین هاندانەکانی ئابووریش کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە کەرتی تایبەت لە کرماشاندا زۆرترین زیان لە نەبوونی "سەقامگیری" دەبینێت. ئەمڕۆ فەرمانێک دەردەچێت، سبەی هەموار دەکرێتەوە و چەند هەفتەیەک تر ڕێنمایییەکی دیکە جێگەی دەگرێتەوە.

ئەم دۆخە تەنیا هاوردە و هەناردەکاران سەرلێشێواو ناکات؛ بەرهەمهێنەرێک کە دەیەوێت هێڵی بەرهەمهێنانی خۆی فراوانتر بکات یان وەبەرهێنەرێک کە بەنیازە بچێتە ناو پڕۆژەیەکی نوێ، ناتوانێت بڕیاری درێژخایەن بدات لەسەر بنەمای ئەو جۆرە مەرجانە.

پارێزگای کرماشان بەهۆی نزیکیی لە عێراقەوە توانای بازرگانی دەرەکیی بێهاوتای هەیە.

بازاڕی عێراق تا ئێستا وەک یەکێک لە گرنگترین شوێنەکانی کاڵای ئێرانی دادەنرێت و زۆرێک لە وەبەرهێنەرانیش ئەم پارێزگایە وەک دەروازەیەک بۆ چوونەناو ئەم بازاڕە دەناسن. بەڵام پاراستنی ئەم سوودە زیاتر لە هەموو شتێک پەیوەستە بە پێشبینیکردنی ژینگەی بازرگانییەوە.

پێویستە بەڕێوەبەرێکی ئابووری بزانێت کە ڕێساکانی هەناردەکردن، هاوردەکردن، باج، گومرگ و وەبەرهێنان، گۆڕانکاری لەناکاویان بەسەردا نایەت، لانیکەم لە ماوەی قبوڵکراودا.

جگە لەمەش کرماشان هێشتا لەگەڵ بیرۆکراسی ئیداریی درێژخایەندا خەبات دەکات.

پرۆسەی درێژخایەنی دەرکردنی مۆڵەت، لێکۆڵینەوەی زۆر، ناتەبایی نێوان دەزگاکان و لێکدانەوەی جیاواز بۆ یاساکان تێچووی وەبەرهێنان زیاد دەکات؛ تێچوویەک کە لە کۆتاییدا یان دەبێتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەر بکشێتەوە یان نرخی کۆتایی بەرهەمهێنان زیاد دەکات.

ئەگەر بڕیارە کرماشان زۆرترین سوود لە تواناکانی ناوچەی ئازادی قەسرشیرین، بازاڕی عێراق، ناوچەی پیشەسازی و پڕۆژەکانی ژێرخان وەربگرێت، دەبێت لە پاڵ گەشەپێدانی فیزیکیدا ئاسایشی بڕیاردانی ئابووری دروست پێکبهێنێت. ڕێساکان دەبێت شەفاف و سادە و بەردەوام بن و هەر گۆڕانکارییەک دەبێت بە زانیاری و کاتی گونجاو و ڕاوێژکاری لەگەڵ کەرتی تایبەتدا ئەنجام بدرێت.

گەشەسەندنی ئابووری تەنها بە پێدانی قەرز یان کردنەوەی پڕۆژەی نوێ بەدەست نایەت. هەندێک جار گرنگترین کردار ئەوەیە کە کەمتر یاسا بنووسرێت، کەمتر ڕێنمایی دەربکەیت و زیاتر متمانە بە چالاکانی ئابووری بکرێت.

ڕەنگە ئەمڕۆ، زیاتر لە جاران، ئابووری کرماشان پێویستی بە سەقامگیری هەبێت لە بڕیارداندا؛ سەقامگیرییەک کە بتوانێت سەرمایە بهێڵێتەوە، بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە و دامەزراندنێکی بەردەوام دروست بکات.

تایبەت بە جام کوردی