فیفا کە بەهۆی گرانی نرخی بلیتی مۆندیالی ٢٠٢٦ ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، ئەوا ئێستاش بەنیازە چیمەنی ئەو یاریگایە بفرۆشێت کە لە یاری کۆتایی مۆندیالی تێیدا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پارچەگەلێک لە چیمەنی یاریگا بۆ یاری کۆتایی مۆندیال کە لە 19ی تەمموز لە یاریگای مێتلایف لە ویلایەتی نیوجرسی بەڕێوەدەچێت، بە 450 دۆلار بۆ فرۆشتن دادەنرێت.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەهەندی هەر پارچەیەک لە چیمەنی یاریگاکە ١٧.٥ x ١٧.٥ x ١٧.٥ یە، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا ئەم پێوانانە بە ئینج، سانتیمەتر یان ملیمەترە.
فیفا لە ماڵپەڕی خۆیدا سەبارەت بە بەرهەمەکە نووسیویەتی: “بە خاوەندارێتی پارچەیەک لە چیمەنی یاریگای یاری کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦، کە لەناو کەیسێکی ئەکریلیکی کوالیتی بەرزدا دانراوە و میمۆرییەکی USB لەگەڵدایە، خاوەندارێتی پارچەیەکی ڕاستەقینەی مێژووی تۆپی پێ بکە”.
فیفا زیاتر ڕوونی دەکاتەوە: "هەر پارچەیەک بەشێک لە چیمەنی یاری سەرەکی کۆتایی لەخۆدەگرێت و هەربۆیە دەبێتە یادگارییەکی ناوازە و شتێکی زۆر تایبەت لە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکانی جیهان کە بۆ کۆکەرەوە و هاندەران و ئارەزومەندانی تۆپی پێ دیزاین کراوە”.