ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ ئەڵمانی پێی وایە ئاستی ڕکابەرییەکانی خولی ئەمریکی بەراورد ناکرێت بە تۆپی پێی ئەوروپا و ئەمەش ڕەنگە بە زیانی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کۆتایی پێبێت.
"ماتهائوس" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، وێڕای ستایشکردنی ئاستی مێسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهان دەبێت لەسەر بنەمای ئاستی تەواوی وەرزێک بێت، نەک تەنها لەسەر ئاستەکەی لە پاڵەوانێتییەکدا و ئاماژەی بەوەشکرد، مێسی لە ئینتەر میامی ئاستێکی قبوڵکراوی هەبوو، بەڵام کوالیتی خولی MLS زۆر دوورە لە خولە بەناوبانگەکانی ئەوروپا.
براوەی مۆندیالی 1990 لە درێژەدا ناوی هەندێک لە پاڵێوراوانی سەرەکی بۆ خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی و باشترین یاریزانی فیفای خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا یاریزانانێک وەک هاری کەین و کیلیان ئمباپێ و عوسمان دێمبلی و ئێرلینگ هالاند لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی یانەکان لە جیهاندا ڕکابەری دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوەوە بوونی بەردەوامی ئەم ئەستێرانە لە چامپیۆنزلیگ و خولە گەورەکانی کیشوەری سەوزدا پشکێکی گرنگە لە کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی تاکەکەسیدا.
ماتهائوس هەروەها ڕایگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر مێسی بتوانێت ئەرجەنتین بەرەو پاڵەوانێتییەکی دیکەی جیهانی ببات، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بەتەنها نابێت گەرەنتی وەرگرتنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی یان خەڵاتی باشترین یاریزانی فیفا بێت، چونکە ئەم شەرەفانە دەبێت دەرئەنجامی ئاستێکی درەوشاوە و بەردەوام بێت بەدرێژایی ساڵ.
لیۆنێل مێسی تا ئێستا هەشت جار خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەستهێناوە و بە یەکێک لە بەشەرەفترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت و لە ئێستادا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی ٢٠٢٦دایە.