بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا دوێنێ بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی یەکێتی تۆپی پێی کاریب (CFU) بۆ تەمەن خوار 14 ساڵان لە کۆماری دۆمینیکان، گەشتی بۆ کاریب کردووە.

بەڵام لە پشت پەردەی ئەم سەفەرەوە، سەرۆکی فیفا هەوڵدەدات هاوپەیمانی کۆنکاکاف لە دژی خۆی، لە هەڵبژاردنەکاندا بشکێنێت، بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرکەوتن بەسەر کۆنکاکافدا بەدەستبهێنێت بە بەدەستهێنانی 21 دەنگ لە یەکێتی تۆپی پێی کاریب (CFU) کە سەرپەرشتی کۆنکاکاف دەکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگراف، ئینفانتینۆ لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا سەختترین کاتی لە پۆستی سەرۆکایەتییەکەیدا بەسەر دەبات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دەرگای دەرچوون نزیکتر دەبێتەوە.

هاوپەیمانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا و یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا و کۆنکاکاف کە زیاتر لە 70%ی دەنگەکانیان لە دژی سەرۆکی فیفا کۆکردۆتەوە،ئینفانتینۆیان خستۆتە لێواری دوورخستنەوە.

ئێستا ڕۆیتەرز دەنووسێت سەرۆکی کۆنکاکاف دژی سەردانەکەی ئینفانتینۆ بوو بۆ ڕێکخراوەکەی، بەڵام سەرۆکی فیفا ئەو گەشتەی ئەنجامدا بۆ ئەوەی لەگەڵ 21 ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کاریب کۆببێتەوە. سەرۆکی فیفا بۆ خولی چوارەم لە پۆستی سەرۆکایەتی فیفا لانیکەم پێویستی بە 106 دەنگ هەیە، لە ئێستادا تەنها 76 دەنگی هەیە، هەر بۆیە تەنانەت ڕازی بووە بەشداری پاڵەوانێتییەکی بێ بایەخ بکات و لە پشت پەردەوە گەدایی دەکات لە 21 ئەندامی کاریبی بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانیان.