بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی جەختی لە سەر پێویستیی بەدواداچوونی جددی ئەو پرسانە کردەوە کە لە کۆبوونەوەی گرووپی کاری پەرەپێدانی هەناردەکردنی پارێزگای کرماشان، بە ئامادەبوونی بەرپرسی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق و بەرپرسی ستادی ئابووری ئێران و عێراق بەڕێوەچوو.
پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بە پێگەی ئەو پارێزگایە لە بواری بازرگانی لەگەڵ عێراقدا ڕایگەیاند: کرماشان بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سنوورە فەرمییەکانی و توانای ئابووری، پزیشکی، ئەکادیمی و گەشتیاری، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراقدا بگێڕێت.
ناوبراو وتیشی: بەشێکی بەرچاو لە بازرگانی کرماشان، لەگەڵ پارێزگای دیالە ئەنجام دەدرێت و هەرچەندە پەیوەندی بەرفراوانی لەگەڵ سلێمانی و هەڵەبجەش هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی مامەڵەکان لەگەڵ دیالە، دامەزراندنی کونسوڵخانەی گشتی ئێران لەم پارێزگایەدا، دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بکات.
حەبیبی هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی سنوورەکانی پارێزگاکە لە بازرگانی لەگەڵ عێراقدا کرد و زیادیشی کرد: لە چوارچێوەی سنووردارکردنی گواستنەوەی دەریایی، سنوورە وشکانییەکانی کرماشان دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکیتر لە دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵات و پەرەپێدانی هەناردەکردندا بگێڕن.
بە وتەی ناوبراو، نزیکەی لەسەدا 40ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە سنوورەکانی کرماشانەوە ئەنجام دەدرێت.
پارێزگاری کرماشان بە فەرمیکردنی سنوورەکانی شێخ سڵە و شۆشمی بە داخوازییەکی گرنگی خەڵک و چالاکانی ئابووریی ئەو پارێزگایە زانی و داوای کرد ئەم پرسە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی نیشتمانییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت بۆ بەدەستهێنانی ڕێککەوتنی لایەنی عێراقی.
ناوبراو هەروەها جەختی لە کەڵک وەرگرتن لە توانای ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازی قەسر شیرین بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی عێراقی کردەوە و وتی: ئەم ناوچە دەتوانێ ببێتە شوێنێک بۆ چالاکی هاوبەشی سەرمایەدارانی ئێرانی و عێراقی.
حەبیبی هەروەها خوازیاری سازدانی پێشانگای تواناکانی هەناردەکردنی ئێران و کرماشان لە شارە جۆربەجۆرەکانی عێراق لەوانە دیالە، سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و بەغدا بووەوە و پاڵپشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی و ژووری بازرگانی ئێرانی بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگایانە بە پێویست زانی.
پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کاڵا، ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی دارایی، دامەزراندنی گواستنەوەی یەک وێستگەی کاڵا لە نێوان ئێران و عێراقدا، پێکهێنانی کۆمپانیای گواستنەوەی هاوبەش و ناردنی شاندی بازرگانی، پرسگەلێکی دیکە بوون کە پارێزگاری کرماشان جەختی لەسەر بەدواداچوونیان کردەوە.
پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بە دۆخی سنووری پەرویزخان هەروەها خوازیاری لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی چالاکییەکانی ئەم سنوورە و چارەسەری گەڕانەوەی بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بووەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە هەڵسەنگاندنی بازرگانیی کرماشان لەگەڵ عێراقدا کۆی توانای سنوورەکانی ئەو پارێزگایە لەبەرچاو بگیردرێت.