بافڵ تاڵەبانی لە تاران؛ ئاسایشی سنوورەکان و هاوکاری ئابووری لە کارنامەی ڕاوێژ لەگەڵ ئێران
ئەم سەفەرە لەسەر بانگهێشتی سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدراوە و لە چوارچێوەی ڕاوێژکارییە بەردەوامەکانی تاران لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و پتەوکردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا ئەنجامدرا.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشتر سەردانەکەی تاڵەبانی بۆ تاران ڕاگەیاندبوو و ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پرسگەلێکی بەرژەوەندی هاوبەش، لەوانە هاوکاری ئابووری و ئاسایشی سنوورەکان تاوتوێ و بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکات.
لەم سەفەرەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سیاسی و حزبی و ئەمنی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستانی عێراق یاوەری تاڵەبانی دەبن و پێشبینیش دەکرێت پرسەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە و ڕێگاکانی پتەوکردنی هاریکاری نێوان هەردوولا لە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ بکرێن.
تاران و سلێمانی جەخت لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان دەکەنەوە
سەردانەکەی تاڵەبانی بۆ تاران لە کاتێکدایە کە سەید عەباس عێراقچی و بسەرۆکی یەکێتی نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردبوو.
لەو گفتوگۆیەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و پتەوکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لەسەر سنوورە هاوبەشەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە. هه ڕوه ها پته وکردنی په یوه ندییه کانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق به تایبه ت له ناوچه ی سلێمانی به گرنگیدان به پەرەپێدانی هاریکاری ئابووری و بازرگانی، تاوتوێ کرا.
عێراقچی و تاڵەبانی هەروەها جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری ئەمنی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچە سنوورییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرانەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق کردەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، پرسی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و ڕێگریکردن لە چالاکیی گرووپە چەکدار و تیرۆریستییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەتوانێ یەکێک لە میحوەرە گرنگەکانی ڕاوێژکارییەکانی تاڵەبانی لە تاران بێت؛ بابەتێک کە لەم ساڵانەی دواییدا گرنگییەکی تایبەتی هەبووە لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا و هەرێمی کوردستان.
سلێمانی؛ یەکێک لە میحوەرە گرنگەکانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان
جگە لە پرسە ئەمنییەکان، پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراقیش پرسێکە کە تاران و یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
لە پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی عێراقچی و تاڵەبانی، جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەرێمی سلێمانی کرایەوە. بەم پێیە دەتوانرێت لە ڕاوێژکارییەکانی ئەم گەشتەدا پرسی پەرەپێدانی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکان و سوودوەرگرتنی زیاتر لە تواناکانی ئێستا لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا لەبەرچاو بگیرێت.
عێراقچی لە وتووێژی پێشووی لەگەڵ تاڵەبانی، هەروەها میوانداری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستانی بە حاجیانی ئێرانی لە سەردەمی ئەربەعیندا بەرز نرخاند؛ پرسێک کە ئاماژە بە بەشێک لە کارلێکە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکانی نێوان ئێران و ناوچەکانی ژێر کاریگەریی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکات.
ڕاوێژکاری سەبارەت بە پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە
بەلەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و گرنگی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، پێشبینی دەکرێت پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکەشدا لە دیدارەکانی تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ و ئاڵوگۆڕ بکرێن.
لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ ڕاوێژکارییەکانی تاران و بسەرۆکی یەکێتی وەک درێژەپێدەری پەیوەندی و وتووێژە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێندرێت؛ ڕاوێژکارییەکان کە جگە لە پرسە دووقۆڵییەکان، پرسی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیری سنوورە هاوبەشەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکانیش دەگرێتەوە.
هەروەها ئەم سەفەرە دوای پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەم دواییەی نێوان عێراقچی و تاڵەبانی دێت و دەتوانێ ڕێگە خۆش بکات بۆ بەدواداچوونێکی پراکتیکیتر بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و ئەمنیدا.
سەرۆکی یەکێت پێشتر لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی تاران و سلێمانی سەفەری ئێرانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیدار و ڕاوێژی کردووە.