بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەم شوێن هەیە لە کرماشاندا کە هێندەی تاق وەسان مێژوو، سروشت و توانای گەشتیاری لە یەک شوێندا کۆبکاتەوە.

بەردە هەڵکنراوەکان کە بەشێک لە مێژووی ساسانییەکانیان لە دڵی شاخەکەدا تۆمار کردووە، لە تەنیشت کانیاو و دیمەنی زاگرۆسەوە، کۆمەڵەیەکیان دروست کردووە کە دەکرێت یەکێک لە گرنگترین وێستگە گەشتیارییە کولتوورییەکان بێت لە ڕۆژئاوای ئێراندا.

بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە خودی بەردەکان سەرنجڕاکێشترە، بۆشایی نێوان توانای ئەم شوێنە و بارودۆخی دەوروبەریەتی؛ بۆشایییەک کە ساڵانێکە بەستراوەتەوە بە پرسی تایبەتمەندی دیمەنی سروشتی، بیناسازی دەوروبەر، زەوییە بازرگانییەکان و پرۆسەی ئازادکردن، کە تەحەدای گەورەی لەسەر ڕێگای تۆمارکردنی جیهانی تاق وەسان درووست کردووە.

ئەم دۆخە لە کاتێکدا بەردەوامە کە پێگەی کرماشان لەسەر ڕێگای بەستنەوەی ئێران و عێراق توانایەکی تەواوکەری بۆ تاق وەسان خوڵقاندووە.

گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هۆی نزیکیی جوگرافی و پەیوەندییە ناوچەییە درێژخایەنەکانیان، دەتوانن بەشێک بن لە بازاڕی ئامانجی گەشتیاری کرماشان؛ بازاڕێک کە ئەگەر پەیوەست بێت بە گەشتیاری مێژوویی و سروشتی و تەندروستی پارێزگاکەوە، تاق وەسان دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوتری هەبێت لە دەرەوەی شوێنێک کە بەس بۆ چەند کاتژمێر سەردانی دەکەن.

ئێستا و لە وەها هەلومەرجێکدا داواکاری گشتی بۆ دیاریکردنی پێگەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە جارێکی تر، سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە.

کەمپەینێک بە تەوەری ڕێکخستنی هەرێمی تاق وەسان و خێراکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی جیهانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بەشداری کۆمەڵێک لە چالاکانی ڕۆشنبیری و ئەکادیمیست و هونەرمەندان و هاووڵاتیان پێکهێنراوە و زیاتر لە 1 هەزار و 200 کەس واژۆی لەسەر کردووە.

سەید محەممەد حسێن ئێعتێزاری، چالاکی فەرهەنگی و بەڕێوەبەری دەزگای ڕاگەیاندنی "کرماشان فەرهەنگ" کە بەرپرسی بەدواداچوونی ئەم هەڵمەتە، تاق وەسان تەنیا بە ئاسەوارێکی مێژوویی نازانێت و جەخت لەسەر پێویستی ڕوانگەیەکی گەشەسەندن لەم کۆمپلێکسەدا دەکاتەوە؛ ڕوانگەیەک کە تێیدا پاراستنی میراتی کولتووری و پلاندانانی شار و گەشەپێدانی گەشتیاری شانبەشانی یەکتر دەبینرێت.

بە وتەی ناوبراو، داواکاری سەرەکی ئەم هەڵمەتە تەنیا تۆمارکردنی نازناوێکی نێودەوڵەتی بۆ تاق وەسان نییە؛ پێکهێنانی گروپێکی کاری تایبەت به پارێزگا، دابینکردنی سەرچاوەکان بۆ بەدەستهێنان خاوەنداریەتی و ئازادکردنی هەرێمی نیگارە و کانیاوەکان ڕێکخستنی زەویەکانی دەوروبەر و ڕوونکردنەوەی دوایین دۆخی دوسییەی تۆمارکردنی جیهانی لەو داواکاریانەن کە لە دەقەکەیدا وروژێنراون.

گرنگی ئەم پرسە لە پێوەرێک لە دەرەوەی کرماشان دەبینرێت. تۆمارکردنی جیهانی، ئەگەر هەموو مەرجەکان جێبەجێ بکرێت و داواکارییەکە قبوڵ بکرێت، دەتوانێت جێگەی تاق وەسان لەسەر نەخشەی گەشتیاری کولتووری ناوچەکە بەهێز بکات و ڕێگە خۆش بکات بۆ ناساندنی شانبەشانی شوێنە سەرنجڕاکێشە مێژوویی و سروشتییەکانی دیکەی پارێزگاکە؛ لە بێستوون و پەرستگا مێژووییەکانەوە تا سروشت و شوێنەوار و توانای گەشتیاری تەندروستی.

بۆ کرماشان پرسەکە تەنیا پاراستنی چەند نەخش و نیگارەی هەڵکنراو نییە لەسەر دیوارێکی بەردین؛ مەسەلەکە ئەوەیە ئایا دەکرێت میراتێکی 1700 ساڵە بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری هاوچەرخ یان نا؟!

تاق وەسان ساڵانێکە لە لیستی کاتی یونسکۆدایە و ئێستا ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی پێیەتی، بەڵێنێکی نوێ نییە، بەڵکو بڕیارێکی ڕوونە بۆ پاراستنی، شانازییەکی ڕوونە بۆ ڕزگارکردنی و پلانێکی یەکگرتوو بۆ گۆڕینی ئەم میراتە مێژووییە بۆ یەکێک لە پێشەنگەکانی گەشتیاری کرماشان؛ شوێنێک کە بتوانێت گەشتیارانی ئێرانی و عێراقی بۆ دڵی مێژووی زاگرۆس ڕابکێشێت.