جام کوردی - پاشەکشەپێکردنی بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە بنکەی «فەیرفۆرد» بە بیانووی دابینکردنی ئاسایش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن پێشتر بانگەشەی لەناوبردنی توانای سەربازیی ئێرانی دەکرد؛ ئەمەش دژبەرییەکی ئاشکرایە کە هەم دەسەڵات و باڵادەستیی بانگەشەبۆکراوی سوپای ئەمریکا و هەم گێڕانەوەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە توانای ئێران دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دوای ئەوەی میدیاکان، لەوانەش «وۆڵ ستریت جۆرناڵ» بڵاویانکردەوە کە ١٠ فڕۆکە لە کۆی ١٢ بۆمبهاوێژی ستراتیژیی جۆری «بی-١بی لانسەر»ی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا — کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد لە گلۆستەرشایەری بەریتانیا جێگیر کرابوون — ئەو بنکەیەیان بەرەو خاکی ئەمریکا بەجێهێشتووە، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەم هەنگاوەیان لە چوارچێوەی دەستەبەرکردنی ئاسایشی فڕۆکە جەنگییەکان و چەکەکانی ئەمریکا، بەتایبەت لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی ئێران و هێرشە درۆنییەکان، پاساو دا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتریش بانگەشەی دەستتێوەردانی ئێرانی لە ڕووداوی فڕۆکەکەی «فڵای دوبەی»دا کردبوو، سەبارەت بەم گواستنەوەیە بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەڕەشەیەکی دیاریکراوی نوێ ئەمریکای ناچار کردووە تەواوی بۆمبهاوێژەکانی لە بنکەی فەیرفۆرد بکشێنێتەوە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش ئەم هەنگاوەی بە هۆکاری «خۆپارێزیی زیاتر» وەسف کرد. هاوکات میدیاکانی نزیک لە کۆشکی سپیش بە خستنەڕووی کۆمەڵێک بانگەشە دژ بە ئێران، باسیان لە بوونی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ئەو بنکەیە کرد.
هەرچەندە دەکرێت هەڵوێستەکانی کۆشکی سپی و میدیا هاوئاڕاستەکانی لە چوارچێوەی هەوڵە هەڵبژاردنییەکانی ترەمپ بۆ ئەمنیکردنی فەزاکە و دروستکردنی پەردەیەکی سیاسی بۆ داپۆشینی شکست لە بەڕێوەبردنی بازاڕە داراییەکان و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لێکبدرێتەوە، بەڵام ئەم لێدوانانە لە کۆتاییدا دەکرێت ببنە دانپێدانانێکی نەخوازراو و پڕ لە باج بۆ واشنتۆن؛ چونکە لە لایەکەوە بانگەشەی لەناوچوونی توانای سەربازیی ئێران دەخاتە ژێر پرسیارەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە باڵادەستی و ئاسایشبەخشیی سوپای ئەمریکا ڕووبەڕووی گومانی جیدی دەکاتەوە.
بانگەشەی لەناوبردنی ئێران؛ گێڕانەوەیەک کە هەرەسی هێنا
ئەگەر هەڕەشە ئەمنییە بانگەشەبۆکراوەکانی ئەمریکا، لەوانە ئەگەری هێرشی درۆنیی ئێران، هۆکاری کشانەوەی بۆمبهاوێژەکان بێت لە فەیرفۆرد، ئەوا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە بەردەم ڕای گشتیی ئەمریکا و جیهان: ترەمپ چۆن دەتوانێت دوای دەیان جار بانگەشەی لەناوبردنی ئێران و وێرانبوونی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە، ئێستا باس لە هەڕەشەی سەربازیی ئێران بکات؟
ئەم دژبەرییە دەتوانێت کشانەوەی بۆمبهاوێژەکان بکاتە بەڵگەیەک دژی بانگەشەکانی پێشووی ترەمپ. ئەگەر توانای سەربازیی ئێران لەناو براوە، کەواتە ئەو هەڕەشەیەی کە ئاسایشی بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە یەکێک لە گرنگترین بنکەکانی ئەو وڵاتە لە ئەورووپا دەخاتە مەترسییەوە، لە کوێوە هاتووە؟
ئەم ناکۆکی و دژبەرییە، بەتایبەت لە بەروبابەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، باجێکی سیاسیی قورس دەخاتە سەر شانی ترەمپ و کۆمارییەکان؛ بەتایبەت لە کاتێکدا کە پێشهاتەکانی بازاڕە داراییەکان و دەرئەنجامەکانی دۆخی گەرووی هورمزیش، بانگەشەکانی واشنتۆنیان سەبارەت بە باڵادەستی بەسەر ئەم ڕێڕەوە گرنگەدا تووشی گومانی جدی کردووە و جارێکی دیکە توانای کاریگەریی ئێرانی خستووەتەڕوو.
ئەمنیسازی یان پەردەلادان لەسەر پاشەکشەیەک
کشانەوەی ئەم کەرەستە سەربازییانە بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی کەلوپەلەکان، لە کاتێکدایە کە ئەمریکا تا ئێستاش خۆی وەک بەهێزترین سوپای جیهان، تێکنەشکاو و ڕزگارکەری ئاسایشی ئەوانی دیکە پێناسە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هەنگاوە پەیامێکی جیاواز دەگەیەنێتە جیهان: سوپایەک کە بانگەشەی دابینکردنی ئاسایشی ئەوانی دیکە دەکات، بۆ پاراستنی کەرەستە ستراتیژییەکانی خۆی ناچارە لە بنکەیەک پاشەکشەیان پێ بکات.
گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکان لە بنکە مەترسیلەسەرەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە لاوازی و بەرکەوتەیی بنکەکانی ئەمریکا لەژێر ئاگری مووشەک و درۆنەکانی ئێران و ئێستاش چۆڵکردنی فەیرفۆرد، پێکەوە وێنەیەکی جیاواز لە ڕاستیی دەسەڵاتی ئەمریکا دەخەنە ڕوو.
هەستیاریی ڕوو لە زیادبوونی واشنتۆن بەرامبەر پاراستنی کەرەستەکان و بردنەدەرەوەیان، هەروەها دەکرێت ببێتە پشتڕاستکەرەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە کەمبوونەوەی توندی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا و دژواریی قەرەبووکردنەوەی خێرای ئەو چەکانە دەکەن؛ دۆخێک کە لەم چوارچێوەیەدا، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو باجەیە کە ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توانای بەرپەرچدانەوەی ئێراندا تووشی بووە.
لە هەمان کاتدا، ئەم پاشەکشەیە بانگەشەی «ڕزگارکەر» و «پشتیوان»بوونی چەتری ئەمنیی ئەمریکاش دەخاتە بەردەم پرسیاری جدی: وڵاتێک کە توانای دابینکردنی ئاسایشی بنکەکان و چەکەکانی خۆی نەبێت، چۆن دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە دەتوانێت ڕۆڵی ڕزگارکەر بۆ هاوپەیمانەکانی بگێڕێت؟ واقیعێکی لەم شێوەیە دەتوانێت پاڵنەری هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بەرگریی زیاتر بەهێزتر بکات.
وەڵامێکی توند بۆ هەڵەی حیسابات
سیناریۆیەکی دیکەش لە ئارادایە؛ ئەوەی کە کۆشکی سپی بە هاوتەریبکردنی کشانەوەی کەرەستەکان لەگەڵ تۆمەتبارکردنی ئێران و دووبارەکردنەوەی بانگەشەی بێبنەما سەبارەت بە دەستتێوەردانی تاران لە ڕووداوی فڵای دوبەی، بیەوێت زەمینەسازی بکات بۆ پاساودانی هێرشە ئەگەرییەکانی داهاتوو دژ بە ئێران. بەڵام ئەم هەڵسەنگاندنە دەتوانێت باجێکی زۆر قورستری لە ڕابردوو بەدوادا بێت.
هەروەک چۆن بەرپرسانی سەربازی، ئەمنی و سیاسیی ئێران جەختیان لێکردووەتەوە، شەڕی نوێ لە یەک خاڵدا سنووردار نامێنێتەوە و وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت دەرەوەی ناوچەکەش دەگرێتەوە. هەڵەی حیساباتی داهاتووی دوژمنیش دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بەرەی نوێ و سوپرایزی گەورەتر.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا، ئەوە ئێرانە کە دەتوانێت هاوکێشەکانی جەنگ دیاری بکات و بەهانەهێنانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی ناتوانێت ئامانجە شکستخواردووەکانیان بەدیبهێنێت. گەرووی هورمز هێشتا لەژێر بەڕێوەبردنی ئێراندایە و تێچووەکانی ئەم دۆخەش درەنگ یا زوو دەبێتە یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا و بەتایبەت کارنامەی ترەمپ و کۆمارییەکان.
پێشتر دەریاوان شەهید عەلی شەمخانی جەختی کردبووەوە کە توانای مووشەکیی ئێران هاوتەریب لەگەڵ هەڕەشەکان و لە چوارچێوەی پرەنسیپی بەرپەرچدانەوەی کاریگەردا نوێ دەکرێتەوە. لەم دواییانەشدا وتەبێژی سوپا ڕایگەیاند کە بەگوێرەی هەلومەرجە هاتووەکە ئاراوە، سوپا سەرقاڵی بەرزکردنەوەی مەودا و توانای مووشەکەکانییەتی؛ پەیامێکی ڕوون کە دەری دەخات هەر هەڵەیەکی حیساباتی لەلایەن دوژمنەوە، بە وەڵامێکی کوشندە، قورس و خێرا بەرپەرچ دەدرێتەوە.