بەگوێرەی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان محەمەد شەفیعی قایمەقامی قەسر شیرین و عەباس ئیسماعیل عەلی، نوێنەری خاوەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سنووری پەرویزخان و بەڕێوەبەری ئەم سنوورە، چارەسەری کەمکردنەوەی تێچووی مامەڵەکردن، لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانان و زیادکردنی توانا ئابوورییەکانی ئەم دەروازە سنوورییە، گفتوگۆی لەسەر کرا.

لەم دیدارەدا قایمەقامی قەسر شیرین، جەختی لە کەمکردنەوەی تێچووی بازرگانی لە هەردوو دیوی سنوورەکە کردەوە، داوای کەمکردنەوەی کرێی وەرگیراو لە بازرگانان و تێچووی دابەزاندن لە لایەنی عێراقی کرد، هەروەها کاراکردنی وێستگەی سووتەمەنی سنووری پەرویزخان و دیاریکردنی شوێنێکی گونجاوی بۆ دابەزاندنی باری قیر وەک بابەتەکانی دیکە خستەڕوو، کە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

محەمەد شەفیعی هەروەها ڕایگەیاند، لیژنەی هاوبەش پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوەی بارهەڵگرەکان بە یەک وێستگە دەکات و وتی: "بەمەبەستی ڕێگریکردن لە وەستانی بارهەڵگرەکان و ئەگەری درێژبوونەوەی ناکۆکی شۆفێران، بڕیاردراوە کە نوێنەری تێرمیناڵەکان لە هەردوولا لە هەمان ڕۆژدا لە شوێنی پردی سنووری لە ئەگەری دروستبوونی کێشەیەکدا ئامادەبن و پێداچوونەوە بە بابەتەکەدا بکەن".

بە وتەی ناوبراو، پێویستە لایەنی عێراقی، لانیکەم 10 ڕۆژ پێش سەپاندنی سنووردارکردن یان قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کاڵاکان، لایەنی ئێرانی ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ناردنی باری نوێ و زیانگەیاندن بە بازرگانان بکات.

هەروەها پەرەپێدانی کاڵای یاوەری موسافر و فراوانکردنی هاوکاریی فەرهەنگی و وەرزشی بابەتەکانی دیکە بوون کە لەم کۆبوونەوەیەدا وروژێنران. بەم پێیە ئەنجامدانی پێشبڕکێی وەرزشی هاوبەش بە شێوەی مانگانە لە بەشە جیاوازەکاندا خرایە بەرنامەی کارییەوە.

نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە سنووری پەروێزخان هەروەها جەختی لە پێویستی درێژەدان بە ڕاوێژکارییەکان و لابردنی بەربەستە بازرگانییەکان کردەوە، هەروەها پێیوابوو کە زیادکردنی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران پێویستی بە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوتر هەیە بۆ چالاکیی بازرگانەکان.

عەباس ئیسماعیل عەلی بە ئاماژەدان بە لێکۆڵینەوە لە پرسی پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ ئێران لە ئاستە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە بەردەوامی هاوکاری نێوان بەرپرسانی هەردوولا و بەدواداچوون بە ئەو پرسانەی کە وروژێنراون، کردەوە.

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا مانگانە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و کۆبوونەوەی داهاتووش بە دەستپێشخەری لایەنی عێراقی بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنەکان و پشکنینی بەربەستە بازرگانییەکان ڕێکبخرێت.