جام کوردی:
لێدوانه‌کانی هیلاری کلینتۆن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که هێزه‌کانی ئێران پێویسته سوریا به جێ بێڵن، هه‌ڵه‌یه. ڕاستییه‌که ئه‌وه‌یه که هێزه تایبه‌ته‌کانی ئێران له سه‌ره‌تای پێکدادانه‌کانی سوریا به‌شدارییان کردووه. هێزه‌کانی سوپای پاسداران به هاوکاری هێزه‌کانی حیزبووڵای لۆبنان به مه‌به‌ستی پشتیوانی له حکومه‌تی ئه‌سه‌د له به‌رامبه‌ر تیرۆریستانی قاعیده و له‌م ساڵانه‌شدا گرووپی تیرۆریستی داعش چوونه‌ته ئه‌م وڵاته. بۆ کلینتۆن که ڕایده‌گه‌ێنێت ڕاوێژ له هنری کسینجر وه‌رده‌گرێت، ئه‌م چه‌شنه سیاسه‌تانه له به‌رامبه‌ر سوریا دووره له ڕاستییه‌کان.
لێره‌دا که‌شی ئاماژه‌پێکراو زۆر گرنگه. بۆ هه‌ر که‌سێک که تا ڕاده‌یه‌ک ئاگاداری مێژووی ئاماده‌بوونی ئێران له شام بێت، لێدوانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی کلینتۆن له گونجاوترین هه‌ل و مه‌رجدا ده‌بێته هۆی شه‌رمه‌زاری و پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که ناوبراو و گرووپه‌که‌ی تێگه‌یشتنی ڕاسته‌قینه‌یان له مێژووی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له په‌یوه‌ندییه‌کانیان له گه‌ڵیدا تێڕوانینێکی ئایدۆلۆژیکیان هه‌یه.
ئێران له سه‌ره‌تاکانی ده‌یه‌ی 1980 تا ئێستا له سوریا و لۆبنان ئاماده‌یه. له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆیی لۆبنان، هێزه‌کانی سوپای ئێران له ده‌ربه‌ندی بۆقاع جێگیر بوون. ئامانجی ئه‌وان پشتیوانی له میلیشیا شێعه‌کان بوو که ئه‌مڕۆ به ناوی حیزبووڵا ده‌ناسرێن. به‌ڵام سوریای سه‌رده‌می حکومه‌تی حافیز ئه‌سه‌د ڕێگایه‌کی شیاو و گرنگ بۆ ڕاوێژکارانی سه‌ربازی ئێران بوو. هێزه‌کانی ئێران له فڕۆکه‌خانه‌ی دیمه‌شق به‌ره‌و باشوری لۆبنان ده‌ڕۆیشتن، ئه‌و شوێنه‌ی که پشتیوانی‌یان له هێزه‌کانی سوریا ده‌کرد.
ساڵی 2012 دیسانه‌وه به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازی ئێران وه‌ک قاسم سولێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران سه‌ردانی دیمه‌شقیان ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌مجاره بۆ ته‌یاربوون، ڕاوێژ و هاوکاری له گه‌ڵ هێزه‌کانی به‌شار ئه‌سه‌د و ده‌زگای هه‌واڵگری سوریا.
به‌شداری و ئاماده‌بوونی ئێران له سوریا به تایبه‌ت خۆیی له شه‌ڕی قه‌سیر له ئاوریلی 2013 پیشان دا. ناوچه‌یه‌کی بازرگانی گرنگ که له سنوری سوریا و لۆبنان هه‌ڵکه‌وتووه. قه‌سیر ناوچه‌یه‌کی ستراتژیک بۆ حکومه‌تی سوریا بوو تا بتوانێت پێگه‌کانی له ڕۆژئاوای سوریا له سه‌ر ڕێگای حۆمس و حه‌ما بپارێزێت. له مانگی ژووئه‌ن، هێزه‌کانی حیزبووڵای لۆبنان به هه‌ماهه‌نگی هێزه‌کانی سوپا، گه‌مارۆی قه‌سیریان دا و هێزه چه‌کداره‌کانی به‌ره‌ی نوسره‌یان له‌و ناوچه‌یه وه‌ده‌رنا.
کۆنتڕۆڵ کردنه‌وه‌ی قه‌سیر له لایه‌ن حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د دوو بابه‌ت بۆ کلینتۆن ڕوون ده‌کاته‌وه. یه‌که‌م، پیشان ده‌دات که هێزه‌کانی ئێران له سوریا چالاکییان هه‌یه و ڕۆڵێکی به‌رچاویان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیمه‌شق له گه‌ڵ تیرۆریستان هه‌یه. دووه‌م، ئه‌م بیرۆکه‌یه ده‌خاته به‌ر پرسیاره‌وه که هێزه میانه‌ڕۆکان له سوریا هاوکات ده‌توانن ناوچه‌کان داگیر بکه‌ن و له دوو به‌ره‌دا یه‌کێک له گه‌ڵ حکومه‌ت و ئه‌وی دیکه له گه‌ڵ جیهادییه‌کان شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر هێزی میانه‌ڕۆ له قه‌سیر هه‌بوایه که ئه‌ویش لای قاعیده‌وه ده‌ستی به سه‌ردا گیرا به شێوازێکی شه‌ڕمه‌زارانه له لایه‌ن حکومه‌ت و هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه له ناو بران.
هه‌م برنی سندرز به‌ربژێری دیمۆکراته‌کان و هه‌م به‌ربژێره‌کانی کۆماریخوازه‌کان پێویسته کلینتۆن ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر بکه‌نه‌وه و له ناوبراو سه‌باره‌ت به هێزه نه‌یاره میانه‌ڕۆکان له سوریا داوای ڕوون کردنه‌وه بکه‌ن. مێژووناسان و توێژه‌رانی شه‌ڕ له‌و بڕوایه‌دان که پێکهاته‌ی شه‌ڕی سوریا له‌و شێوه‌یه که ناتوانرێت هێزێکی میانه‌ڕۆیی تێدا به‌دی بکرێت. میانه‌ڕۆکانی سوریا ماوه‌یه‌که که به‌ره‌و به‌یرووت، پاریس، له‌نده‌ن و دۆبه‌ی هه‌ڵهاتوون. ئه‌وانی دیکه‌ش له که‌مپی ئاواره‌کانی ئه‌رده‌ن، یان سه‌رقاڵی ئیش و کارن یان ڕێگای کۆچ به‌ره‌و ئه‌ورووپا هه‌ڵده‌بژێرن.
له شه‌ڕی ناوخۆیی سوریا ئه‌وانه‌ی که تێڕوانینی ئایدۆلۆژیکیان نه‌بووه بوونه‌ته په‌نابه‌ر. ئه‌وه‌ی که له گۆڕه‌پانی شه‌ڕی سوریا ماوه‌ته‌وه فاشێسته ئیسلامییه‌کانن که له گه‌ڵ حکومه‌تی عه‌له‌وییه‌کان سه‌رقاڵی شه‌ڕ و پێکدانانن.
له نه‌بوونی نه‌یارانی میانه‌رۆ، کلینتۆن پێویسته هه‌ست به‌وه بکات که ته‌نیا ڕێگای ڕاسته‌قینه‌ی شکستی داعش و سه‌قامگیری سوریا، هاوکارییه له گه‌ڵ ئێران، ڕووسیا و حکومه‌تی دیمه‌شق. جێگره‌وه‌یه‌کی دیکه بوونی نییه. داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. هێرشه‌کانی پاریس و ته‌قه‌که‌ی سن برناردینۆ ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه. ئه‌م هێرشانه له لایه‌ن گرووپی تیرۆریستی داعشه‌وه بووه نه‌ک ئێران و سوپای پاسداران.
سیاسه‌تێکی ده‌ره‌کی کاریگه‌ر ئامۆژگاری ئه‌وه به ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کات که پێویسته له گه‌ڵ حکومه‌تی سوریا و هاوپه‌یمانه‌کانی پرۆسه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌کان ده‌ست پێ بکات. هیلاری و به‌ربژێره‌کانی دیکه پێویسته پاڵپشتی له‌م بیرۆکه‌یه بکه‌ن. ئه‌و کاته‌یه که ده‌توانین سه‌باره‌ت به شکستی داعش و ڕێگری له قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی مرۆڤی له ناوچه‌که بدوێین.
نووسه‌ر: مه‌کس ڕیبمه‌ن / سه‌رچاوه: نه‌شناڵ ئینترسێت
وه‌رگێڕان: جام کوردی