بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی تەسنیم ی ئێرانی سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی ساڵی ڕابردووی ئەم وڵاتە بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەدی ئەمریکا لە عێراق وەک وەڵامێک بۆ تیرۆری شەهید قاسم سولێمانی، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنەکەی بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهید قاسم سولێمانی جێبەجێ کرد. پەیامی ئەو هێرشە مووشەکییەکەش ئەوەیە کە هەر هەنگاوێک لە دژی ئێران ڕوبەڕوی کاردانەوەی ئەم وڵاتە دەبێتەوە.
ناوبراو وتی: دەتوانین بڵێین کە وڵاتێک هەیە کە لە هەر هەلومەرجێکدا ئامادەیی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەمریکییەکان بداتەوە.
نازم دەباغ وتی: ئەم پەیامەش تەنیا بۆ ئەمریکا نییە و دوژمنانی دیکەی ئێران لە ناوچەکە دەگرێتەوە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی: ئەوەی کە ئێران وەڵامی هێزێکی وەک ئەمریکا دەداتەوە، بەو مانایە دەبێت کە ئەگەر لە هەر لایەکەوە هێرش بکرێتە سەر ئەم وڵاتە، ڕوبەڕوی وەڵامی توند و بەهێزی تاران دەبێتەوە، واتە ئەو هێرشەی سەر عەین ئەسەد دەتوانێت بۆ شوێنەکانی دیکەش بکرێت.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە لە پاش هێرشە مووشەکییەکەی سەر عەین ئەسەد چ گۆڕانکارییەک لە هاوکێشەکانی ناوچەکە یان هەڵوێستی ئەمریکییەکاندا کراوە. وتی: گۆڕانکارییەک لە ئاستی ڕای گشتیدا کراوە کە دەبێت کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگای دانوستانەوە چارەسەر بکرێت، لە بەر ئەوەی کە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان دەتوانێت ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ زیاتر بکات.
کۆتایی/.