بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمین حەتیت لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی لە سێ گۆشەنیگاوە خوێندنەوەی بۆ هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پارێزگای ئەنباری عێراق کرد و وتی کە هێزی بەرەی خۆڕاگری بە تایبەت ئێران وایکرد کە ئەمریکا وەڵامێکی بۆ ئەو هێرشە نەبێت.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک کە ئەو هێرشە چ گۆڕانکارییەکی لە هاوکێشەکاندا کرد؟ وتی: هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەبێت لە سێ بواری ستراتیژی، سیاسی و سەربازی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
هێرشە مووشەکییەکەی ئێران شکۆی ئەمریکای شکاند:
حەتیت ئەم هێرشەی بە هۆکاری گۆڕانکاری گەورە و ستراتیژی لە ناوچەکە ناو برد و وتی: لە ڕووی ستراتیژییەوە بڕیاری بۆردومانی مووشەکی بنکەی عەین ئەسەد لە ئێران و ڕاگەیاندنی بووە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی گەورە، لە بەر ئەوەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە شکاندنی شکۆی ئەمریکاوە هەیە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە پاش شەڕی جیهانی دووەمەوە بابەتێک بە ناوی شکۆی لایەنە سەرکەوتووەکان هەبوو کە هیچ وڵاتێک هێزی دەسدرێژیی بۆ سەر ئەو شکۆی زلهێزانە نەبوو و لایەنە سەرکەوتووەکان بە تایبەت ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی ئەو دەسکەوتانە، هاوپەیمانی و سیستەمە سەربازییەکانیان پێکهێنا و وڵاتانی جیهانیش بە چەشنێک قسەیەکی ئەوتۆیان لە بەرامبەر ئەم پێگە و کاریگەرییەدا نەبوو.
هیچ وڵاتێک لەم ئاستەدا هێرشی نەکردبووە سەر ئەمریکا:
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: کاتێک کە ئێران بۆردومانی بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی کرد، شکۆی ئەمریکای شکاند و تێپەڕی کرد و بەستێنی قۆناغێکی نوێی ململانێ و ڕوبەڕوبونەوەی ئەمریکای دابین کرد. ناتوانین بڵێین کە بەرەی خۆڕاگری ئەمەی کرد بەڵکوو تەنیا ئێران بوو کە ئەو بنکە سەربازییەی کردە ئامانج و لێرەدایە کە هەڕەشە و مەترسییەکان لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوونی هەیە.
ئەمین حەتیت وتی: ئەمریکا دەیتوانی ئەوە بڵێت کە بەرەی خۆڕاگری ئەو هێرشەی کردووە بەڵام ئەوەی کە وڵاتێک وەک ئێران بوێرانە بڵێت ئێمە بۆردومانمان کردووە، ئەمە لە زیانی ئەمریکایە.
ئێران لە عەین ئەسەد چی لە ئەمریکا کرد:
ناوبراو بە ڕەهەندە سیاسییەکانی ئەو هێرشە مووشەکییە ئاماژەیدا و وتی: بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە کاتێک کە ترەمپ تاوانەکەی ئەنجامدا، ئەمریکییەکان وتیان کە لە پاش تیرۆری شەهید سولێمانی ئاسایشی ئەو وڵاتە پارێزراوتر دەبێت بەڵام ئێرانییەکان بەو هێرشە ئەوەیان سەلماند کە پێش تیرۆر، هێزەکانی ئەمریکا دەکەوتنە بەر هێرشی گرووپەکانی خۆڕاگری بەڵام لە پاش تیرۆری شەهید سولێمانی ڕاستەوخۆ کەوتنە بەر هێرشی ئێران و هەر بۆیە ئەو مەترسییە لە ناو نەبراوە و هێرشە مووشەکییەکەش لێدانێکی کاریگەر لە سەر شکۆی ئەمریکییەکان بوو کە لە لایەن ترەمپەوە فریو درابوون.
وتیشی کە بە پێچەوانەی لێدوانەکانی دوناڵد ترەمپ ئەمریکییەکان هێندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراو نین، بەو مانایە کە ئەمریکا تووشی دۆخێکی نەخوازراو بووەتەوە.
هێرشەکەی عەین ئەسەد ئەوەی سەلماند کە ئێران دەتوانێت هەر شوێنێک بکاتە ئامانج:
حەتیت بە ئاماژە بە ڕەهەندە سەربازییەکان و پەیامەکانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران وتی: لە ڕووی سەربازییەوە ئێران ئەوەی سەلماند کە هێزێکی گەورەی سەربازییە و دەتوانێت هەر شوێنێک بکاتە ئامانج، ئەگەرچی ئەمریکا سیستەمی دژە مووشەکیی هەیە بەڵام مووشەکەکانی ئێران بنکەی عەین ئەسەدی بە تەواوی کردە ئامانج بە بێ ئەوەی کە ئەمریکا بتوانێت ڕێگری بکات و ئەمەش ڕیسواییە بۆ سیستەمی بەرگری ئەمریکا و پیشانیدا کە ناتوانێت ڕێگری لە هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا بکات.
ئەو شارەزا سەربازییە لە وەڵامی ئەوەی کە چ هۆکارێک ڕێگریی لە وەڵامی ئەمریکا بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران کرد، وتی: لەو بڕوایەدام کە هێرشی سەر عەین ئەسەد پەیوەندی بە هەڵسووکەوتی دیکەی بەرەی خۆڕاگرییەوە هەیە بەو مانایە کە خۆڕاگری هێزی بەرگری ستراتیژیی لە ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن زیاتر کرد.
54 بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە لە بەردەستی ئێراندان:
ئەمین حەتیت وتی: پاش هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد هاوکێشەی بەرگری ستراتیژی سەرجەم دوژمنان بە تایبەت ئەمریکای گرتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئێران بەو هێرشە هێزی مووشەکی خۆیی سەلماند کە چۆن لەوەدا سەرکەوتوو بووە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لەو ئاستەدا بکاتە ئامانج. ئێران ئەوەشی سەلماند کە هێزی هێرشکردنە سەر 54 بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە و دەتوانێت هەڕەشە لە سەر گیانی 65 هەزار سەربازی ئەمریکا لەو بنکە سەربازییانە دابنێت، بە تایبەت ئەوەش کە دەتوانێت دەستی بە بەرژەوەندی و ئامانجە ئابورییەکانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بگات. ئەم هەموو مەترسییەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد نەداتەوە، زیاتر لەمەش هێزی سەربازیی ئێران بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕوون کرایەوە.
کۆتایی/