دوناڵد ترەمپ لە هەر دوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە وای لە ئەمریکا کردووە کە بێ گومان جۆبایدن ناتوانێت ئەم وڵاتە بۆ سەردەمی باراک ئۆباما کە خۆی جێگری بووە، بگەڕێنێتەوە.
بە پێی وتاری دەستپێکردنی خولی سەرۆکایەتی، جۆبایدن یەکەم ڕاسپاردەی ئەوەیە کە گرنگی بە دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا بدات و کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی چارەسەر بکات.
بۆ بایدن ئاسان نییە کە ئەو ئاڵۆزییە ناوخۆییانەی کۆمەڵگای ئەمریکا چارەسەر بکات، بە تایبەت لە ڕووی سیاسییەوە کە ڕاستییەک دەبینرێت و ئەویش دووبەرەکی نێوان لایەنگران و نەیارانی دوناڵد ترەمپە.
سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا لە دوناڵد ترەمپەوە میراتێکی وەهای پێگەیشتووە کە بەرۆکی کۆمەڵگای ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. جۆبایدن دەبێت سەرەتا پردە داڕوخاوەکانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە لایەن دوناڵد ترەمپەوە، نۆژەن بکاتەوە، هەرچەندە کە دەتوانین بڵێین قەد ناتوانێت وڵاتەکەی بۆ سەردەمی باراک ئۆباما بگەڕێنێتەوە.
ئەمریکای ئەمڕۆ بە ئاشکرا تووشی دووبەرەکی ناوخۆیی بووە، ئەم کێشەیە بە تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان هێشتا دەبینرێت و بایدن بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کەمدا ناتوانێت بە سەر ئەم کێشەیەدا زاڵ بێت.
بایدن لە وتاری دەستبەکاربوونی زیاتر جەختی لە سەر پیرۆزییەکانی ئەمریکا و دیمۆکراسی و یەکڕیزی ئەمریکییەکان کردەوە. وتارەکەی ناوبراو لە ڕاستیدا بەرامبەر بە خەڵکی ئەمریکا و لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بووە.