بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عومرانخان لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆیدا لە پاکستان پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامیی وەک مالیزیا، ئێران و تورکیا بەهێز کرد، ئەڵبەت ئەم هەوڵانە لە پاش هەڕەشەی پچڕانی هاوکارییە داراییەکان لە لایەن سعوودیەوە تا ڕادەیەک ڕاگیرا، لە لایەکی دیکەوە، سعوودیەش پەیوەندییەکانی لە گەڵ هیندستان وەک دوژمنی مێژوویی پاکستان بەهێزتر کرد.
مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و پاکستان بۆ چەند دەیەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. باڵیۆزی پێشووی سعوودیە لە ئیسلام ئاوا لە وتارێک کە لە ماڵپەڕی سعوودیی عەرەب نیوز پێش سەردانەکەی شەهباز شەریف بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند کە لە دەیەی 1970 سعوودیە بە ئامانجی خوڵقاندنی کێشە بۆ پرۆژەی ناوەکیی هیندستان، هاوکارییەکی زۆری حکومەتەکەی زولفەقار عەلی بوتۆی لە پاکستان کرد.
لەم چوارچێوەدا، لە ساڵی 1999، یەک ساڵ لە پاش تاقیکردنەوەی ناوەکیی پاکستان، نەواز شەریف سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە و برای شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی ئێستا، لە ناوەندی پیتاندنی یورانیۆمی کاهوتا لە نزیک پایتەختی پاکستان بە گەرمی پێشوازیی لە سوڵتان بن عەبدولعەزیز وەزیری ئەو کاتەی بەرگریی سعوودیە کرد و مووشەکی غوریی پێ نیشاندا کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوەکیی هەیە. ئەمریکا لەو کاتەدا بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆیی بەرامبەر بەم هەنگاوەی پاکستان دەربڕی.
دەزانین لە بیابانەکانی باشوری ڕیاز، کارگەیەکی وەبەرهێنانی مووشەک هەیە کە هەمان کارگەی پاکستانیی درووستکردنی مووشەکی m11 ی چینە بە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوەکی.
ئەوەش لەبیر نەکەین کە لە ساڵی 2018 محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە ڕایگەیاند ئەگەر ئێران دەستی بە بۆمبی ناوەکی بگات ڕیاز بە خێراییەکی زۆرەوە بەم ڕێگایەدا دەڕوات. (ئێران بە فەرمی و لە ئاستی باڵا ڕایگەیاندووە کە چەکی ناوەکی بە حەرام دەزانێت و هیچ کات هەوڵی بەدەستهێنانی نادات و سەرجەم پڕوپاگەندەی دوژمنانیشی لەم بوارەدا ڕەتکردووەتەوە).
لە ساڵی 2020، ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕاپۆرتێکی لە سەر هاوکارییەکانی چین و سعوودیە بۆ کردنەوەی کارگەیەکی پەیوەندیدار بە پیشەسازی ناوەکی بڵاو کردەوە. هاوکات نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاند کە دامەزراوەیەکی گوماناوی لە ناوچەیەکی سعوودیە ئاشکرا کراوە کە ڕەنگە پەیوەندی بە پرۆژەی ناوەکییەوە هەبێت.
پێشتر باس لەوە دەکرا کە هاوکارییەکانی پاکستان بۆ سعوودیە تەنیا ئەو مووشەکانە لە خۆ دەگرێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوەکییان هەیە بەڵام پێدەچت پاکستان زیاتر لە مووشەک، تەکنۆلۆژیای پیتاندنی یورانیۆمیش دەداتە سعوودیە.
دەوترێت یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی محەممەد بن سەلمان لە جۆبایدن گەیشتن بە پلانی ناوەکی ناسەربازی بووە. بە پێی ئەو ئاڵۆزییەی کە لە پەیوەندییەکانی نێوان جێنشینی سعوودیە و سەرۆکی ئەمریکا دەبینرێت، ئەگەری ئەوەش هەیە کە هاوکارییەکانی سعوودیە و پاکستان ببێتە تەوەرێکی نوێی قەیران لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و واشنتن./.